وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هۆشدارییەک دەداتە عومان

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی وڵاتی عومان و تەواوی ئەو لایەنانە کرد، دەیانەوێت هاوکاری ئێران بن لە وەرگرتنی "باجی تێپەڕین" لە گەرووی هورمز. جەختی کردەوە واشنتن بە هیچ شێوەیەک رێگە بە پەکخستنی جووڵەی ئازادی بازرگانی نادات.

پێنجشەممە 28ـی ئایاری 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند، حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چاوپۆشی لە هیچ هەوڵێک ناکات بۆ سەپاندنی سیستەمی وەرگرتنی باج لە گەرووی هورمزدا و گوتی: "ئەمە بابەتێکە قبووڵکراو نییە."

بێسێنت بە شێوەیەکی راستەوخۆ ناوی وڵاتی عومانی هێنا و هۆشداری پێ دا و گوتی: "پێویستە عومان بەتایبەتی ئەوە بزانێت، کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە توندی و بە دەستێکی پۆڵاین ئەو لایەنانە دەکاتە ئامانج کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ تێوەگلاون لە ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی باج لە تەنگەکەدا. هەر لایەنێکیش ئامادەبێت ببێتە هاوبەش لەم کارەدا، رووبەڕووی سزای قورس دەبێتەوە."

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا داوای لە هەموو وڵاتانی جیهان کرد، بە یەکدەنگی تەواوی ئەو هەوڵانەی ئێران رەتبکەنەوە کە ئامانج لێیان تێکدانی جووڵەی ئازادی بازرگانییە. بێسێنت رایگەیاند: "سەردەمی تۆقاندنی ناوچەکە و جیهان لە لایەن تارانەوە بەسەرچوو."

ئەم لێدوانانەی بێسێنت دوای ئەوە دێن کە هەندێک راپۆرت ئاماژەیان بەوە کردبوو کە ئێران دەیەوێت بە هاوکاری عومان، باج لەو کەشتییە بازرگانییانە وەربگرێت کە لە گەرووی هورمزەوە تێدەپەڕن.