عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامی نوێی هەیە
عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، رایگەیاند بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە چاوی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کەوتووە و پەیامێکی نوێی لێوە گواستووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئایاری 2026، عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رحا و برازای ئۆجەلان، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاویکردەوە، بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی کردووە.
بەگوێرەی پۆستەکەی عومەر ئۆجەلان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە رێگەی ئەوەوە سڵاوی بۆ گەل ناردووە و رایگەیاندووە "لە هەموو کاتێک زیاتر لە ئازادی و دیموکراسی نزیکین."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆجەلان جەژنی قوربانی لە هەموو گەل پیرۆز کردووە و هیوای خواستووە ئەم قۆناغە بەرەو ئازادی هەنگاو بنێت.
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە ماوەیەکی درێژبوو رێگری لە دیدارەکانی بنەماڵە و پارێزەران لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکرا و بڵاوبوونەوەی ئەم پەیامە لە زاری پەرلەمانتارێکی دەم پارتییەوە دەنگدانەوەی لە میدیاکانی تورکیا و ناوچەکە دروست کردووە.
هەر پەیوەست بە سەردانیکردن و کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجەلان، پەروین بوڵدان ئەمڕۆ گوتی: کۆبوونەوەکە سێ کاتژمێری خایاندووە و ئۆجەلان هەڵسەنگاندنێکی وردی بۆ فۆرمی ئەو یاسایە کردووە کە پێویستە ئامادە بکرێت. بوڵدان گوتی "ئۆجەلان پێی وایە پێویستە یاسایەکی بنەڕەتی و دەستووری دەربچێت کە لە 7 بۆ 8 ماددە پێکبێت. ئەم یاسایە دەبێتە چەرخی جوڵێنەری دیموکراسی و تەنیا بۆ یەکجار جێبەجێ دەکرێت."
Kurban Bayramı vesilesiyle Sayın Abdullah Öcalan ile bir görüşme gerçekleştirdik.
— Ömer Öcalan (@omerrocalan) May 28, 2026
Sayın Abdullah Öcalan, bayram vesilesiyle halkımıza selamlarını iletmiş; “Özgürlük ve demokrasiye her zamankinden daha yakın olduğumuzu belirtiyor, halkımızın bayramını kutluyorum.” demiştir.