ناتانیاهۆ: ئیسرائیل لە زلهێزێکی ناوچەیەوە بووەتە زلهێزێکی جیهانی

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سەرنج دەخاتە سەر وەرچەرخانە گەورەکانی وڵاتەکەی لە بواری تەکنۆلۆژیا، سەربازی و ئابووریدا. جەخت دەکاتەوە کە ئیسرائیل لە رێگەی "هێزەوە" هاوپەیمانییە نوێیەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و جیهانی دروست کردووە و ئێستا خەریکی چارەسەرکردنی هەڕەشە ستراتیژییە نوێیەکانە.

پێنجشەممە 28ـی ئایاری 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند وڵاتەکەی زلهێزێکی تەکنۆلۆژیی جیهانی دەرکەوتووە. ئاماژەی بە گوتەی بیرمەندێکی رووسی کرد کە ئیسرائیلی بە "زلهێزێکی جیهانیی بچووک" وەسف کردووە و گوتی: "ئەمڕۆ هەمووان ئارەزووی پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، چونکە توانایەکی تەکنۆلۆژیی بێوێنەمان هەیە کە لە کەنداو و ناوچەکانی تریشدا دەبینرێت."

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەرنجی خستە سەر شەڕەکانی دژی حەماس و حزبوڵڵا و گوتی: "ئێستا 60%ی کەرتی غەززەمان لەژێر کۆنترۆڵدایە و خەریکی تێکشکاندنی تەواوەتی حەماس و حزبوڵڵاین." سەبارەت بە ئێرانیش، ناتانیاهۆ ئاشکرای کرد کە ئەگەر ئۆپەراسیۆنە نهێنی و سەربازییەکانی ئیسرائیل نەبووایە، ئێستا تاران خاوەنی چەکی ئەتۆمی دەبوو.

ناتانیاهۆ باسی لە سەردانێکی شەش هەفتە لەمەوبەری کرد بۆ باشووری لوبنان، کە تێیدا جۆرە درۆنێکی نوێی بینیوە کە سیستەمی "فایبەر ئۆپتیک" و کڵاوەی جەنگی "RPG"ی لەسەر بووە و گوتی: "ئەمە هەڕەشەیەکی ستراتیژیی جیهانییە و ئێمە تەواوی مێشکە زیرەکەکانی ئیسرائیل و خاوەن ستارتئەپە سەربازییەکانمان کۆکردووەتەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، و دەبینە یەکەم وڵات کە ئەم کێشەیە بۆ هەموو جیهان چارەسەر دەکات."

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە کە "رێککەوتننامەی ئیبراهیم" لە ئەنجامی سازش بۆ فەلەستینییەکان دروست نەبووە، بەڵکو بەرهەمی هێزی ئابووری و سەربازیی ئیسرائیل بووە. ئەو ئاشکرای کرد کە ئەڵمانیا داوای هاوکاریی تەکنۆلۆژیی لێ کردوون بۆ بنیاتنانی سوپاکەی، و ئاماژەی دا، "80 ساڵ دوای هۆلۆکۆست، ئێستا ئەوروپا دێتە لای ئێمە و داوا دەکات بەرگرییان لێ بکەین." هەروەها ستایشی پەیوەندییە "سەرسوڕهێنەرەکانی" ئیسرائیلی لەگەڵ هیندستان کرد و گوتی: هیندستان هیچ کاتێک وەک وڵاتانی تر هەوڵی تێکدانی ئیسرائیلی نەداوە.

باسی لەوەش کرد، بەبێ ئابوورییەکی ئازاد و بەهێز ناتوانرێت سوپایەکی خاوەن تانک، فڕۆکە و ژێردەریایی دابین بکرێت. ئەو شانازی بەوەوە کرد کە گۆڕانکاریی بنەڕەتیی لە سیستەمی دارایی ئیسرائیلدا کردووە و سنووردارکردنی دراوی بیانیی لابردووە، کە ئەمانە هەموویان بنەمای ئەو هێزە سیاسی و سەربازییەن کە ئێستا ئیسرائیل لە جیهاندا هەیەتی.