ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئیراندا سەپاند

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، رایگەیاند؛ زنجیرەیەک سزای نوێی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بەسەر چەندین کەسایەتی و قەوارەی ئێرانییدا سەپاندووە.

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد، هەر هەوڵێک بۆ هەڵگرتنی گەمارۆ دارایی و ئابوورییەکانی سەر ئێران لە لایەن واشنتنەوە، زۆر بە سستی و لەسەرخۆیی بەڕێوەدەچێت. بێسێنت گوتی: "دەبینین چی روودەدات.. هەر شتێک کە هەڵبگیرێت، زۆر بە خاوی هەڵدەگیرێت."

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی دەستیان بەسەر بڕی یەک ملیار دۆلار لە سەرمایە و دراوە دیجیتاڵییەکانی (Crypto) سەر بە ئێراندا گرتووە. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی چالاکییەکانی چاودێری و سەپاندنی سزاکاندایە کە داراییە دیجیتاڵییەکانی سەر بە تاران دەکاتە ئامانج.

رۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئایاری 2026، ئیدارەی ئەمریکا لە چوارچێوەی فشاری ئابووری و سەربازیی دا، سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند. سزاکان بە پلەی یەکەم ئەو دەستە تازە دامەزراوەی تاران دەکەنە ئامانج کە ئەرکی سەرپەرشتیکردنی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز پێسپێردراوە.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات، دەستە ئێرانییەکە دەستی کردبوو بە سەپاندنی باجی تێپەڕبوون بە بڕی 2 ملیۆن دۆلار بۆ هەر کەشتییەک کە بە ناو گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبێت.

لەم بارەیەوە، سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا رایگەیاند: "دوایین هەوڵی سوپای ئێران بۆ سەرانەوەرگرتن و تێکدانی بازرگانی دەریایی جیهانی، بەڵگەیەکی روونە لەسەر ئەوەی سیاسەتی فشاری ئابووری، دەسەلاتی ئێرانی گەیاندووەتە ئاستێکی بەرزی بێئومێدی دارایی."

هاوکات لەگەڵ ئەم سزایانە، گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران بۆ زیاتر لە مانگێکە بەردەوامە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە "ئەم رێکارە توندانە بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی تاران ئامادە دەبێت بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی."