کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی گەشتەکانیان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەکەنەوە

بەهۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا، زۆربەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی جیهانی گۆڕانکاریی ریشەییان لە خشتەی گەشتەکانیاندا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و بەشێکی زۆری گەشتەکانیان بۆ کاتێکی نادیار دواخستووە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، کۆمپانیا گەورەکانی وەک لوفتهانزا، بریتیش ئێروەیس، ئێر فرانس و دەڵتا، گەشتەکانیان بۆ شارەکانی تەلئەڤیڤ، دوبەی، دەوحە و ریاز بۆ ماوەی جیاواز هەڵپەساردووە کە هەندێکیان تا کۆتایی ئەمساڵ دەخایەنێت.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و عێراق، چەندین کۆمپانیا گەشتەکانیان راگرتووە؛ لەوانە کۆمپانیای Aegeanی یۆنانی کە گەشتەکانی بۆ هەولێر و بەغدا تا 2ـی تەممووز هەڵوەشاندووەتەوە، هەروەها گرووپی لوفتهانزا وئیرۆوینگس گەشتەکانیان بۆ هەولێر تا کۆتایی مانگی حوزەیران و تشرینی یەکەم دواخستووە، لای خۆشیەوە  تورکیش ئێرلاین گەشتەکانی بۆ عێراق و چەند وڵاتێکی کەنداو تا سەرەتای حوزەیران راگرتووە.

لە بەرامبەردا، هەندێک کۆمپانیا وەکئێرۆفلۆتی رووسی و مالیزیا ئێرلاینس پلانیان داناوە لە مانگی حوزەیران و تەممووزدا بە شێوەیەکی قۆناخبەندی گەشتەکانیان دەستپێبکەنەوە، بەڵام زۆربەی هێڵە ئاسمانییەکان هێشتا خۆیان لە بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق، ئێران و سووریا بەدوور دەگرن.

بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لە 28ـی شوباتی رابردوو، هەموو هێڵە فڕۆکەوانییەکان گەشتەکانیان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگرت و تاوەکوو ئێستاش دۆخی گەشتکردنیان بەتەواوی ئاسایی نەکردووەتەوە.