ئاوارەکانی شنگال: هیوامان وایە ئاوڕێکی جددی لە شنگال بدرێتەوە
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە 10 ساڵ بەسەر ئاوارەیی و ژیانی سەختی ژێر خێوەت، ئاوارەکانی شنگال لە کەمپی کەبەرتی بە گەرمی پێشوازی لە جەژنی قوربان دەکەن. ئەوان بە پاراستنی دابونەریتە رەسەنەکانیان و کۆبوونەوە، هەروەها پەیامی تەبایی و پێکەوەژیان دووپات دەکەنەوە، بەڵام هێشتا چاویان لەو رۆژەیە کە جەژنەکانیان لە زێدی خۆیان لە شنگال پیرۆز بکەن.
لەسەرلەبەیانییەکی زوودا، ئاوارەکانی شنگال لە کەمپی "کەبەرتی" دەست دەکەن بە جەژنەپیرۆزە و سەردانی یەکتری دەکەن، سەرەڕای ژیانێکی سەخت و ئاوارەیی، بەڵام دەستبەرداری دابونەریتە کۆنەکانیان نەبوون، نە خەباتی ژیان و نە ناخۆشییەکان نەیانتوانیوە لە رەسەنایەتی خۆیان دووریان بخەنەوە، لە 'دیوانی کەبەرتی بۆ پێکەوەژیان' خەڵک لە هەموو چین و توێژەکان کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی پەیامی تەبایی و ئومێد بدەن و کەمێک لە مەینەتییەکانی ئاوارەیی فەرامۆش بکەن.
گەنجێکی ئاوارەی شنگال بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هەموو دراوسێکانمان لە شنگال پەرتەوازە بوون، هەندێک لە زاخۆ، هەندێک لە هەولێر و هەندێکیش لە کەمپەکاندان، ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن بە تەلەفۆن جەژنەپیرۆزەیان لەگەڵ دەکەین، ئەوانەشی لێرەن پێکەوە کۆدەبینەوە و جەژن دەگێڕین."
هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت، "پیرۆزبایی ئەم جەژنە لە هەموو جیهان دەکەم، هیوادارم جەژنێکی پڕ لە خێر و خۆشی بێت بۆ گەل و وڵاتەکەمان، هیوامان وایە کە ئاوڕێکی جددی لە شنگال بدرێتەوە."
مامۆستایەکی ئایینی باس لەوەدەکات، "زیاتر لە 11 ساڵە لێرە رێوڕەسمەکانی جەژن بەڕێوە دەبەین و سوپاس بۆ خودا هیچ کێشەیەکمان نییە. پەیامی ئێمە هەمیشە پێکەوەژیان و ئاشتی و تەبایی بووە لەسەر ئەم خاکە، هیچ جیاوازییەک لە نێوانماندا نییە و هەرکەسە و لەسەر رێبازی خۆی بەردەوامە."
دوای تێپەڕبوونی 12 ساڵ بەسەر جینۆسایدی شنگالدا، هێشتا زیاتر لە 270 هەزار ئاوارە لە ناو 15 کەمپدا ماونەتەوە، ئەوان هیوایان وایە ئەم ژیانە پڕ لە خەمەی ژێر خێوەتەکان کۆتایی بێت و جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ شنگال، هەرچەندە سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ پاڵپشتییەکانیان، بەڵام ئاواتی گەورەیان ئەوەیە جەژنەکانی داهاتوو لە زێدی خۆیان پیرۆز بکەن.