نووسەرێکی کورد سەنتەرێكی توێژینەوەی شارستانی دامەزراندووە
نووسەر و ئەکادیمیستێکی شاری دیاربەکری باكووری کوردستان، دوای 44 ساڵ کارکردن، توانیویەتی ئەرشیفێکی دەوڵەمەند بۆ لێکۆڵینەوەی شارەکان پێک بهێنێت، پتر لە 200 هەزار سەرچاوە و بەڵگەنامەی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت.
مەحەممەد عەلی ئاباکای، نووسەر و ئەکادیمیستی شاری دیاربەکر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، پتر لە 200 هەزار سەرچاوەی دەگمەنی دەربارەی شارەکانی کوردستان و جیهان کۆکردووەتەوە.
ئاباکای ئاماژەی بەوە دا، ئەم کارە لە ساڵی 1980ـەوە دەستی پێ کردووە، ئێستاش خاوەنی 24 کتێبی چاپکراوە. ئەرشیفەکە لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی شارەکان لە دیاربەکر پارێزراوە، بەسەر چوار بەشی سەرەکی وەک شارەکانی کوردستان، تورکیا، جیهان و زانستە مرۆییەکان دابەش کراوە.
ئەم کۆکراوەیە کتێب، وێنە، قەوانی مۆسیقا و نەخشە مێژووییەکان لەخۆ دەگرێت. ئەوەشی خستە روو، شوێنی ئێستای ناوەندەکە بچووکە، پێویستی بە هۆڵێکی گەورەتر هەیە بۆ سوودوەرگرتنی لێکۆڵەران.
شاری دیاربەکر یەکێکە لە شارە دێرینەکانی باکووری کوردستان، خاوەنی مێژوویەکی دەوڵەمەندە لە رووی کولتووری و شوێنەوارییەوە. ناوەندی لێکۆڵینەوەی شارەکان بە یەکێک لە گرنگترین شوێنەکان بۆ پاراستنی ناسنامەی شارەکان دادەنرێت.