شوکریە عەباس: هێڵی شەمەندەفەر و شەقامی 200 مەتری لە ماستەرپلانی نوێی هەولێر دان
شاری هەولێر تاوەکو ساڵی 2050 دەچێتە ناو ماستەرپلانێکی نوێوە کە تێیدا چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی وەک شەقامی 200 مەتری، هێڵی شەمەندەفەر و پارکێکی گەورە کە سێ هێندەی پارکی سامی عەبدولرەحمانە، جێگیر کراون.
شوکریە عەباس، بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کوردستان24، وردەکاریی گۆڕانکارییەکانی سیمای شار و ئاراستەکانی گەشەکردنی ئاوەدانی دەخاتە روو.
کوردستان24: ئێمە لێرەین لە بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانی ئاوەدانیی هەولێر، بۆ ئەوەی بزانین ماستەرپلانی داهاتووی هەولێر چی بەسەر هات و تاوەکو چ ساڵێکە؟
شوکریە عەباس: ماستەرپلانەکە بە هاوکاری تیمی جایکای یابانی و وەزارەتی شارەوانی و بە پشتیوانی پارێزگار و وەزیر، هەموار کراوەتەوە. پێشتر ماستەرپلانەکە لە ساڵی 2008 تاوەکو 2030 دانرابوو، بەڵام چونکە 10 ساڵ بەسەر پلانی پێشوودا تێپەڕ ببوو، پێویست بوو پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.
کوردستان24: ئەم ماستەرپلانە نوێیە تاوەکو چ ساڵێک کار دەکات؟
شوکریە عەباس: ئەم ماستەرپلانە نوێیە تاوەکو ساڵی 2050ـە. سنورەکە هەر هەمان سنورە بەڵام بەکارهێنانەکان و زەوییەکان (لاند یوز) لەسەر بنەمای زانستی پێداچوونەوەیان بۆ کراوە.
کوردستان24: ئەو شوێنانەی پێشتر ناوچەی نیشتەجێبوون نەبوون، ئێستا چۆن رێکخراون؟
شوکریە عەباس: ئەو شوێنانەی ئێستا هەن وەک "واقع حاڵ" دەستکاری ناکرێن، بەڵام بۆ ناوچە نوێیەکان کە دەکەونە دوای شەقامی 150 مەتری، گۆڕانکاری کراوە. بۆ نموونە ناوچەی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەران زیاد کراوە بە فرمانی سەرۆکی حکوومەت.
کوردستان24: باسی شەقامی نوێ دەکرێت لەناو ماستەرپلانەکە، ئەمانە کامانەن؟
شوکریە عەباس: دوو شەقامی بازنەیی (رینگ رۆد)ی نوێمان هەیە کە ژمارە 8 و 9ـن. ئەمانە پانییەکەیان لە 100 مەتر کەمتر نییە. یەکیان شەقامی 150 مەترییە و ئەوی دیکەشیان شەقامی 200 مەترییە. یەکیان دەکەوێتە ناو پشتێنەی سەوز و ئەوی دیکەیان لە دەرەوەیە.
کوردستان24: جیاوازیی ئەم شەقامە نوێیانە لەگەڵ شەقامەکانی پێشوو چییە؟
شوکریە عەباس: ئەمانە تەنیا رێگەی خێرا نین بۆ ئۆتۆمبێل، بەڵکو رێڕەوی پاسکیل، رێڕەوی پیادەڕۆ و پارکینگی تایبەتیان بۆ دیاریکراوە. تەنانەت رێڕەوی ئەسپیشمان بۆ داناون لەو شوێنانەی دەکەونە ناو پشتێنەی سەوز بۆ ئەوەی رەسەنایەتی گوندەکان و ناسنامەی نەتەوەیی پارێزراو بێت.
کوردستان24: ئایا هێڵی شەمەندەفەریش لەم پلانەدا هەیە؟
شوکریە عەباس: بەڵێ، هێڵێکی گشتی شەمەندەفەر دەوری هەولێر دەدات و هەموو وێستگەکانیشمان ئامادە کردووە.
کوردستان24: ناوچە پیشەسازییەکان دەکەونە کام ئاراستەی شار؟
شوکریە عەباس: ئەو ناوچانەی بە رەنگی مۆر دیاریکراون ناوچەی پیشەسازین. پیشەسازییە ستراتیژی و گەورەکان دەکەونە ئاراستەی رێگەی مەخموور و رێگەی کەرکووک. ناوچەی پیشەوەری بچووکیشمان لە خەبات و کەسنەزان و شاوێس هەیە، بەڵام ناوچە پیشەسازییە گەورەکان بە روونی لە ماستەرپلانەکەدا جێگیر کراون.
کوردستان24: دیزاینی خانووەکان چۆن رێکدەخرێن؟ ئایا هەر کەسە و بە ئارەزووی خۆی خانوو دروست دەکات؟
شوکریە عەباس: نەخێر، دەبێت رێکخستنەوە هەبێت. خانووەکانی یەک گەڕەک دەبێت یەک دیزاین و یەک ستایلیان هەبێت. تەنانەت شوێنی تەنەکەی خۆڵ و قەپانی غازیش دیاری کراوە. رەنگەکان دەبێت هاوئاهەنگ بن. شارسازی وەک موزیک وایە، دەبێت هەموو پارچەکان یەک بگرنەوە بۆ ئەوەی چاو و مێشک بحەسێتەوە.
کوردستان24: رووبەری زەوییەکان چەند دەبێت؟
شوکریە عەباس: بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، رووبەری خانووەکان نابێت لە 200 مەتر کەمتر بن.
کوردستان24: کێشەی پارکینگ و قەرەباڵغی ناو کۆڵانەکان چارەسەر کراوە؟
شوکریە عەباس: بەڵێ، وەزیر و پارێزگار جەختیان لەوە کردووەتەوە کە کێشەی وەستانی ئۆتۆمبێل لە گەڕەکە نوێیەکاندا نەمێنێت و رێگری لە هەڵەکانی رابردوو بکرێت. هەموو دیزاینەکان بە جۆرێکن کە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل پارێزراو بێت.
کوردستان24: شاری هەولێر زیاتر بە چ ئاراستەیەکدا گەشە دەکات؟
شوکریە عەباس: گەشەی نیشتەجێبوون زیاتر بە ئاراستەی رێگەی دهۆک و رێگەی پیرمام دەبێت. ناوچەی رۆژهەڵات و لای کەسنەزان وەک ناوچەی پارێزراوی ئاوی ژێر زەوی دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی ئاوی ناوەندی هەولێر بپارێزرێت و گەشەی تێدا ناکرێت.
کوردستان24: گەورەترین پڕۆژەی ناو ئەم ماستەرپلانە کامەیە؟
شوکریە عەباس: یەکیان پارکێکی نوێیە کە رووبەرەکەی سێ هێندەی پارکی سامی عەبدولرەحمانە. ئەوی دیکەیان پشتێنەی سەوزە (گرین بێڵت) کە پانییەکەی دوو کیلۆمەترە و بە دەوری هەولێردا دەسووڕێتەوە. هەموو جۆرە دارەکان و شێوازی ئاودێریشی تێدا دیاریکراوە و یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانمان.