واست.. نەخۆشانی گورچیلە ململانێی ئازاری نەخۆشی و بێدەرمانی دەکەن
نەخۆشانی گورچیلە لە واست، لە نێوان تێچووی بەرزی چارەسەر و کەمیی دەرمان لە نەخۆشخانە حکوومییەکاندا، ململانێی له‌گه‌ڵ مانەوە له ژیاندا دەکەن. سەرەڕای ئەوەی ناوەندەکانی دیالیز بە چڕی کار دەکەن، بەڵام هاووڵاتییان ناچارن دەرمان و پشکنینەکان لە دەرەوە و بە پارەیەکی زۆر دابین بکەن.
هەفتانە نەخۆشانی گورچیلە لە واست، جەستە شەکەتەکانیان لەنێوان هۆڵەکانی شوشتن و دەرمانخانەکاندا دەگوازنەوە، بە هیوای دەستکەوتنی دەرمانێك، کە رۆژ بە رۆژ نرخەکەی بەرزتر دەبێته‌وه، یانیش لەسەر رەفەی ناوەندە حکوومییەکاندا نەماوە. مەینەتییەکان لێرە دووبەرامبەرن، نەخۆش لەنێوان ئازاری جەستە و بارقورسی تێچووی چارەسەریه‌كاندا دەچەوسێتەوە.
دایکی عه‌بدوڵڵا، نەخۆش بە کوردستان24ـی راگەیاند: "نرخی ده‌رمانه‌كان زۆر گرانه، هه‌رزانیان له‌ناو نییه. هه‌رجارێك سه‌ردانی پزیشك بكه‌م، ده‌بێت 75 هه‌زار دینار ته‌نیا بۆ پشکنینه‌كان بده‌م. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پشكنینه‌كانی ئێره زۆر باش نین، ئه‌و رۆژی پشكنینم كرد، ئه‌نجامی یۆریاكه‌م 200 بوو، كاتێك چووم له ده‌ره‌وه پشكنینم كرد، ده‌رچوو 120 بوو. هه‌موو پشكنینه‌كانیش هه‌ر له‌سه‌ر حیسابی خۆمانه كوڕه‌كه‌م حیسابه‌كه‌ی دا گوتم چه‌نده، گوتی دایكه 75 هه‌زاره."
حازم عه‌لی، نەخۆش دەڵێت: "ده‌بێت چاره‌سه‌ریه‌كان له‌ده‌ره‌وه بكڕین، هه‌رده‌رزییه‌كی ژێر پێست به 20 هه‌زار دینار ده‌كڕم، كالسیۆم و ئاسن له خوێنمدا نه‌ماوه كه‌چی لێره ئه‌لفا و حه‌پی ژانه‌سه‌رم پێ ده‌ده‌ن، ئێ برا ئێمه نه‌خۆشین و پێویستیمان به چاره‌سه‌ره!!. تۆ ئه‌گه‌ر مووچه‌شت هه‌بێت، كاتێك یه‌ك ده‌رزی به 20 هه‌زار ده‌كڕیت، مووچه‌كه‌ت به‌شی چی ده‌كات!؟ ئێ تۆ مانگانه پێویستیت به چه‌ند ده‌رزییه!؟."
ناوەندەکانی "دیالیز" لە واست شادەماری ژیانن بۆ سەدان کەس کە پێویستییان بە شوشتنی گورچیلەی خولی هەیە و رۆژانە پێشوازی لە دەیان حاڵەت لە ناوچە جیاوازه‌کانی پارێزگاکە دەکەن؛ بەڵام گوشاری زۆر و سنوورداریی دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکان، پڕۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانی بۆ نەخۆشەکان یەکجار قورس کردووە.
دکتۆر موجته‌با زوهێر، به‌رێوه‌به‌ری نەخۆشخانەی ناوه‌ندیی واست بۆ شوشتنی گورچیله: "رۆژانه 130 پرۆسه‌ی شوشتنه‌وه‌ی گورچیله له نه‌خۆشخانه‌ی زه‌هرا ئه‌نجام ده‌درێن، واتا نزیكه‌ی 3 هه‌زار و 500 حاڵه‌تی مانگانه‌مان هه‌یه. هه‌روه‌ها نه‌شته‌رگه‌ری بایۆپسی گورچیلە و دانانی قه‌سته‌ره‌ی كاتی و هه‌میشه‌ییش ئه‌نجام ده‌درێن.. هاوكات ناوه‌ندێكی راوێژكاریشمان هه‌یه بۆ به‌دواداچوون بۆ ئه‌و ئه‌وانه‌ی تووشی لەکارکەوتنی توندی گورچیلە بوونه و ئه‌وانه‌ش كه چاندنه‌وه‌یی گورچیله‌یان بۆ ده‌كرێت."
لەنێوان گرانیی بازاڕ و دەستنەکەوتنی چارەسەر لە دامه‌زراوه حكوومییه‌كاندا، نەخۆشانی واست له‌پێناو مانه‌وه له ژیان، لە ناو ململانێیەکی رۆژانەی بێ کۆتاییدان. ئێستا داواکارییەکان بۆ دابینکردنی بەردەوامی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی بۆ ناوەندەکان چڕتر كراونه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مێك لە ئازار و بارگرانیی ئەو نه‌خۆشانه کەم بکرێتەوە، كه تێچووی چاره‌سه‌رییه‌كان، جه‌سته‌كانیان لاوازتر كردووه.