سەرچاوەیەک: لە 10 بۆ 15 رۆژی داهاتوو دەنگ بە تەواوکاریی کابینەی زەیدی دەدرێت

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

بریارە لە ماوەی 10 بۆ 15 رۆژی داهاتوودا، کابینەکەی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق تەواو بکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 31ـی ئایاری 2026، سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم هەفتەیە چوارچێوەیەکە بۆ تەواوکردنی کابینەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.

هەمان سەرچاوە گوتیشی، "بڕیارە لە ماوەی 10 بۆ 15 رۆژی داهاتوودا کابینەکە تەواو بکرێت و ئەو وەزارەتانەی دواخراون و متمانەیان وەرنەگرتووە، متمانە وەربگرن و کابینەکە تەواو ببێت".

دووپاتیشی کردەوە "چوارچیوەی هەماهەنگی رژدە لەسەر ئەوەی لە نزیکترین کاتدا کابینەکە تەواو بکرێت".

هاوکات ئەشواق جاف، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەوبارەوە بە ماڵپەری کوردستان24ـی راگەیاند، هیچ وادەیەک بۆ دەنگدان بە تەواوکاریی کابینەکەی عەلی زەیدی دیاری نەکراوە.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش کرد، هێشتا دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق وەڵامی ئەو کاندیدانەی نەداوەتەوە کە بەهۆی وەرنەگرتنی متمانەی پەرلەمانەوە سکاڵایان تۆمار کردووە. 

رۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، پەرلەمانی عێراق متمانەی بە 14 وەزیری کابینەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی فیدراڵ دا؛ بەڵام، چەند وەزارەتێک بەتاڵ مانەوە و متمانەیان وەرنەگرت، لەوانەش وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن کە پشکی کورد و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان بوو.