گرووپە چەكدارەكانی عێراق بۆ وەرگرتنی وەزارەت ئامادەن چەكەكانیان دابنێن
سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای کرد، مەرجی ئەمریکا بووەتە هۆی دواخستنی دەنگدان بە چوار وەزارەت لە کابینەکەی عەلی زەیدی.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 31ـی ئایاری 2026، سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە کوردستان24ـی راگەیاند، چوار وەزارەت لە کابینەکەی عەلی زەیدی لە پەرلەمان نەخرانە دەنگدانەوە و دواخران، دوو لەو وەزارەتانەش بەر گرووپە چەکدارەکان دەکەون.
سەرچاوەکە روونی کردەو،ە هۆکاری دواخستنەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەمریکا رازی نییە ئەو گرووپانە لە حکوومەت پۆست وەربگرن و بەشدار بن، تاوەکو چەکەکانیان دانەنێن نابێت بێنە ناو حکوومەتەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، ئێستە ئەو گرووپانە بڕیاریان داوە چەکەکانیان رادەستی حکوومەت بکەن و بچنە ناو حەشدی شەعبییەوە، بۆ ئەوەی پۆستی وەزاری وەربگرن.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، ئەو گرووپانە بەتەواوی چەکەکانیان دادەنێن، بەڵام تاوەکو ئێستە لەسەر شێوازی جێبەجێکردنی رێکنەکەوتوون، چونکە دەیانەوێت بچنە ناو حەشدی شەعبی و لە چەند رۆژی داهاتووشدا ئەم پرسە یەکلا دەبێتەوە.
عەلی زەیدی لە کۆتایی مانگی نیسانی ساڵی 2026 بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق راسپێردرا. دواتر پەرلەمانی عێراق متمانەی بە بەشێک لە وەزیرەکانی کابینەکەی بەخشی، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پشکەکانیان و چەند هۆکارێکی دەرەکی، دەنگدان لەسەر چەند وەزارەتێک بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی بەردەم پێکهێنانی تەواوەتیی حکوومەت، پرسی بەشداریکردنی ئەو لایەنانەیە خاوەنی هێزی چەکدارن. ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە پێشتر نیگەرانیی خۆیان لەبارەی پێدانی پۆستی باڵا بەو گرووپانە دەربڕیوە، ئەمەش وای کردووە گوشارێکی زۆر لەسەر سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو دروست ببێت، بۆ ئەوەی مەرجی چەکدانان بەسەر ئەو لایەنانەدا بسەپێنێت.