پڕۆژەی ئاوی خانکێ کێشەی کەمئاوی لە ناوچەکە بنبڕ دەکات

حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوبوونی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی ئاوی لە سنووری خانکێ راگەیاند، کە بە گوژمەی 3.5 ملیار دینار جێبەجێ کراوە. پڕۆژەکە کێشەی کەمئاوی لە ناوچەکە بنبڕ دەکات و لە قۆناغی داهاتوودا ئاوی پاک بۆ چەند ناحیە و قەزایەکی دیکەی دەوروبەری دابین دەکات.

یەکشەممە 31ـی ئایاری 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پڕۆژەی ئاوی خانکێ کە لەسەر بەنداوی مووسڵ جێبەجێ کراوە، بە رێژەی 100% کارەکانی تەواو بووە و چۆتە واری جێبەجێکردنەوە.

ئەم پڕۆژەیە کە تێچووەکەی 3 ملیار و 500 ملیۆن دینار بووە، توانای هەیە لە هەر کاتژمێرێکدا 3 هەزار و 400 مەتری سێجا ئاوی پاک و تەندروست بەرهەم بهێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە کێشەی بێئاوی لە ناوچەی خانکێ.

هەر بەپێی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە قۆناغی دووەمی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوی پاک دەگەیەنرێتە ناوچەکانی (سێمێل، تەناهی، و مسێریکێ)، بەمەش رێژەیەکی زۆرتر لە هاوڵاتییانی سنوورەکە لە ئاوی پاکی نیشتمانی سوودمەند دەبن.

ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئاو و گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ هەموو ناوچە جیاجیاکانی کوردستان.