ترەمپ بەڕاکی وەک نێردەی تایبەتی خۆی بۆ عێراق و سووریا دەستنیشان کرد
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تۆم بەڕاکی، وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ هەریەکە لە وڵاتانی عێراق و سووریا دەستنیشان کرد. ئەم بڕیارە ئامانج لێی پەرەپێدانی "هاوکارییە ستراتیژییەکانە" لەگەڵ حکوومەتەکانی بەغدا و دیمەشق.
یەکشەممە 31ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) رایگەیاند، تۆم بەڕاک کە ئێستا باڵیۆزی ئەمریکایە لە تورکیا، ئەرکی نوێی وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ عێراق و سووریا پێسپێردراوە؛ وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ هەریەکە لە وڵاتانی عێراق و سووریا دیاریی کراوە.
ئاماژەی بەوە کرد ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە "پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و سووریا لە گەشەکردنی بەردەوامدایە و هاوکارییە ستراتیژییەکان بەرەو قۆناغێکی نوێ دەچن." بەپێی بڕیارەکەی ترەمپ، تۆم بەڕاک لە پۆستەکەی وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە دەمێنێتەوە، بەڵام هاوکات بە پاڵپشتی تەواوی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی، سەرپەرشتی دۆسیە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا دەکات.
ترەمپ لە پەیامەکەیدا ستایشی کارەکانی باراکی کرد و نووسیویەتی: "تۆم کارێکی نایابی ئەنجامداوە و ئێمە زۆر سوپاسی بەردەوامیی ئەو دەکەین بۆ خزمەتکردنی وڵاتەکەمان."
ئەم دەستنیشانکردنە نوێیە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاری سیاسی و سەربازیدا تێپەڕ دەبێت، و واشنتن دەیەوێت لە رێگەی نێردەیەکی باڵاوە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ حکومەتەکانی ناوچەکە زیاتر بکات.
دوێنێ شەممە مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"، پشتیوانی تەواوی وەزارەتی دەرەوەی بۆ تۆم بەڕاک دەربڕی و نووسیبووی: هەرچەندە ئەرکی وەک "نێردەی تایبەت بۆ سووریا" کۆتایی دێت، بەڵام ئەمە بە واتای کۆتاییهاتنی کارەکانی نایەت، بەڵکو بەردەوام دەبێت لە گێڕانی رۆڵی سەرکردایەتی بۆ ئیدارەی ترەمپ لە هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا.
یەکشەممە 19ی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی؛ مارک ساڤایای وەک نێردەی تایبەتی وڵاتەکەی بۆ عێراق دەستنیشان کردبوو؛ بەڵام دوای تێپەربوونی چەند مانگێک ساڤایا بەبێ بڵاو کردنەوەی هیچ روونکردنەوەی لە پۆستەکەی نەما.
لە 1ی شوباتی 2026، چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ئاژانسی رۆیتەرزیان ئاشکرایان کردبوو، مارک ساڤایا، کە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، بە نێردەی تایبەت بۆ کاروباری عێراق دەستنیشانکرابوو، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکان "یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دوورخستنەوەی ساڤایا بۆ هەڵە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیە هەستیارەکان دەگەڕێتەوە؛ بەتایبەتی شکستهێنانی لە رێگریی کاندیدکردنەوەی نووری مالیکی، بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ترەمپ بە ئاشکرا دژایەتی خۆی لە کاندیدکردنەوەی مالیکی راگەیاندووە".