پەرلەمانی تورکیا چاودێریی سەر خواردنە کحولییەکان توندتر دەکات
پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەیاسایەکی نوێ تاوتوێ دەکات بۆ سنووردارکردنی فرۆشتن و بانگەشەکردنی مەی، هاوکات دەسەڵاتی سزادانی سەرپێچیکاران دەداتە پارێزگار و قایمقامەکان.
بڕیارە لەم هەفتەیەدا پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەیاسایەکی نوێ تاوتوێ بکات بۆ گۆڕانکاریی ریشەیی لە شێوازی فرۆشتن و رێکلامی خواردنەوە کحولییەکان.
ئەم پێشنیازە یاسایە چەندین بڕگەی توندی تێدایە بە ئامانجی کەمکردنەوەی بەرچاوکەوتنی مارکەکانی مەی و توندکردنەوەی چاودێرییەکان لەسەر بازاڕ.
بەپێی ناوەڕۆکی ئەم یاسا نوێیە، سنووربەندییەکی زۆر توند دەخرێتە سەر بەکارهێنانی ناو، لۆگۆ، نیشانە و هەر وێنەیەک گوزارشت لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەر یان هاوردەکاری مەی بکات، بە جۆرێک چیتر رێگە نادرێت ئەم نیشانانە لەسەر تابلۆی دوکانەکان، بەشەکانی ناوەوە و دەرەوەی شوێنە بازرگانییەکان و تەنانەت لە شوێنی چالاکییە جۆراوجۆرەکاندا بەکاربهێنرێن.
هەروەها یاساکە رێگری دەکات لەوەی ناوی مارکە بۆ خواردنەوە کحولییەکان بەکاربهێنرێت، ئەمەش بە مەبەستی رێگریکردن لە هەر جۆرە بانگەشەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ ئەو خواردنەوانە.
لە لایەکی دیکەوە، گۆڕانکارییەکی گرنگ لە دەسەڵاتی چاودێریکردن و سزاداندا دەکرێت، بەتایبەت سەبارەت بەو بڕیارەی فرۆشتنی مەی لە نێوان کاتژمێر 10ـی شەو بۆ شەشی بەیانی قەدەخە دەکات.
بەرپرسان ئەوەشیان خستە روو، لەمەودوا دەسەڵاتی سەپاندنی سزا بەسەر ئەو فرۆشگا و شوێنانەی پابەندی ئەم کاتانە نابن، لە دامەزراوە ناوەندییەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ دەستی پارێزگار و قایمقامەکان، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ئەوەی چاودێرییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و گەڕەکەکاندا توندتر و خێراتر بکرێن.
ئەم هەوڵە نوێیەی پەرلەمان درێژکراوەی ئەو سیاسەتەیە حکوومەت لەژێر ناوی پاراستنی تەندروستیی گشتی پەیڕەوی دەکات، لە کاتێکدا رەخنەگران بە دەستێوەردان لە کەرتی بازرگانی و ئازادییە کەسییەکان دەیبینن.