سەرۆکی لوبنان: رووبەڕووی دەستدرێژییەکی توندی ئیسرائیل بووینەتەوە
جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان رایگەیاند، وڵاتەکەی رووبەڕووی "دەستدرێژییەکی توند و ئیدانەکراوی ئیسرائیل" بووەتەوە، هاوکات جەختیشی کردەوە، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، لوبنان "بۆ گەڕاندنەوەی دەوڵەت و دووبارە بنیاتنانەوەی دامەزراوەکانی" بە هەنگاوی قورس بەڵام جێگیر بەرەو پێشەوە دەڕوات.
ئەم گوتانەی سەرۆکی لوبنان لە میانی وتارێکدا هات کە لە یادی 39 کوشتنی رەشید کەرەمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری لوبنان پێشکەشی کرد، جۆزێف عۆن، ئاماژەی بەوە کرد، قۆناخی ئێستا پێویستیی بە دەوڵەتمەدارەکان هەیە کە لە ژێر رۆشنایی ئەم بارودۆخە سەختەدا، بەرژەوەندیی نیشتمان بخەنە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی کەسییەوە.
سەرۆکی لوبنان ئەوەی خستە ڕوو، ئەمڕۆ لوبنان زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بەو دەنگانەیە کە کار بۆ یەکخستنی ریزەکان دەکەن نەک لێکترازانیان، ئاماژەی بەوەش کرد، میراتی کەرەمی وەک هێمایەک بۆ لوبنانی یەکگرتوو و زاڵبوون بەسەر دابەشبوونە تائیفییەکاندا لە هۆشیاری نەتەوەییدا ماوەتەوە، چونکە دەوڵەت و دامەزراوەکانی، تاکە گەرەنتی پاراستنی پێکەوەژیانن.
جۆزێف عۆن پابەندبوونی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی گەلی لوبنان دووپاتکردەوە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشوور، و رایگەیاند "هەوڵەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی دەوڵەت، چاکسازی و دامەزراندنی دادپەروەری بەبێ پاشەکشە و سازان بەردەوام دەبن."
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی لوبنان لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر شار و شارۆچکەکانی باشووری وڵاتەکە چڕتر کردووەتەوە. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ راگەیاندنی کۆنترۆڵکردنی قەڵای مێژوویی (شەقیف) لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، وەک قورسترین دەستدرێژی بۆ سەر خاکی لوبنان لە ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەکدا وەسف دەکرێت.
بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، لە 2ـی ئادارەوە بەهۆی هێرشە بەرفراوانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، زیاتر لە سێ هەزار و 371 کەس کوژراون و نزیکەی 10 هەزار کەسیش بریندرابوون، هەروەها زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتیش ئاوارە بوون.