زەوی بەسەر فەرمانبەر و خانەشینانی هەڵەبجە دابەش دەکرێت

سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە لە راگەیەندراوێکدا ئاگادارییەکی ئاڕاستەی ئەو فەرمانبەر، مامۆستا و خانەنشینانە دەکات کە لە ساڵی 2005ـەوە فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەیە و تا ئێستا سوودمەند نەبوون.

سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە، ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2026، رایگەیاند، پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر نزیکەی 500 کەس لەو چین و توێژانەدا دەستپێدەکات، هەروەها داوا لە سەرجەم ئەو فەرمانبەران و مامۆستا وخانەنشینانە دەکات کە ناویان لە لیستەکەدا هاتووە و پڕۆسەی سوودمەندبوونیان بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە، رۆژی دووشەممەی داهاتوو، 8ـی حوزەیرانی 2026 لە کاتژمێر 9:30ـی سەرلەبەیانی لە هۆڵی مستەفا زەڵمی ئامادەبن بە مەبەستی ئەنجامدانی تیروپشکی دیاریکردنی شوێنی زەوییەکانیان.

هاوکات لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا، شارەوانی هەڵەبجە هۆشداریی دەداتە سەرجەم ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی کە تا ئێستا پڕۆسەی سوودمەندبوونیان تەواو نەکردووە و داوایان لێدەکات لە زووترین کاتدا پەیوەندی بە بەشی موڵکایەتی شارەوانییەوە بکەن بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان، چونکە بە پێچەوانەوە بە هیچ شێوەیەک ناویان داخڵی تیروپشکی دابەشکردنی زەوی ناکرێت و مافەکەیان دەفەوتێت.

لەمبارەیەوە فەرحان عیزەت، گوتەبێژی شارەوانی هەڵەبجە بە کوردستان 24ـی گوت: رۆژی دووشەممەی داهاتوو 8ـی حوزەیرانی 2026، قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە هەڵەبجە دابەشدەکرێت، گوتیشی، 137 کەس لەم قۆناخەدا بەشێوەی تیروپشک سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی.

فەرحان عیزەت ئاماژەی بەوەش دا، لە پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە هەشت هەزار فەرمانبەر ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی تۆمارکراوە و مەرجەکانیان تێدایە و بە چەند قۆناخێک زەویان بەسەردا دابەشدەکرێت، ئەو زەوییانەش کە بریارە دابەشبکرێن دەکەونە کەرتی 31 بامۆک و کەرتی 24 و حەسەن ئاوا.

پێشتر سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە، لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، هەشت هەزار و 118 کەس لە هەڵەبجە مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە، لە داهاتوو پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بە تیروپشک دەست پێدەکات.

 لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.