بەرگریی شارستانیی هەولێر پلانی پاراستنی دەغڵودانی جووتیاران رادەگەیەنێت

 گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، وردەکارییەکانی پلانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بۆ پاراستنی کێڵگە گەنم و جۆکانی سنووری پارێزگای هەولێر لە وەرزی دروێنەدا ئاشکرا کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2026، موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی رایگەیاند: "لە رێککەوتی 15ـی ئایارەوە پلانێکی چڕمان داڕشتووە و کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەوشار و شارۆچکانەی کە بنکەی بەرگریی شارستانییان لێ نییە، 12تیمی تایبەت و تیمی زێرەڤانیمان لە دەوروبەری هەولێر بە شێوەی 24 کاتژمێری جێگیر کردووە."

سەبارەت بە رێکارە خۆپارێزییەکان، شاخەوان سەعید ئاماژەی بەوە کرد، پێش دەستپێکردنی وەرزی دروێنە، زنجیرەیەک سیمیناری هۆشیاری و رێنماییان بۆ خاوەن دەڕاسەکان و خاوەن نووسینگەکان لە ناوچەکانی (شەمامک، قوشتەپە، بنەسڵاوە و خەبات) و ئەو شوێنانەی گەنم و جۆیان لێیە، کردووە.

هەروەها گوتیشی: "کۆپیی رێنماییەکان و ژمارە تەلەفۆنەکانی فریاکەوتنمان بەسەر جووتیاران و خاوەن دەڕاسەکاندا دابەش کردووە بۆ ئەوەی لە کاتی هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا راستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن." هۆکاری سەرکەوتنی پلانەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی ئاگرکەوتنەوە تۆمار نەکراوە.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر هۆشداری دا لە تێوەگلان لە هەر کردەوەیەک ببێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و رایگەیاند: "هەماهەنگییەکی تەواومان لەگەڵ پۆلیس و ئاسایش هەیە؛ لە ئەگەری هەبوونی هەر حاڵەتێکی بەم شێوەیە، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکەینەوە و رێکاری یاسایی توند بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتە بەر کە دەبنە هۆی ئاگرکەوتنەوە."