حەمە هاشم تابلۆکانی دەباتە رۆمانیا

حەمە هاشم، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، پێشانگەیەکی شێوەکاری لەژێر ناوی "روخسارەکانی دوای جەنگ"، لە وڵاتی رۆمانیا دەکاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 1ی حوزەیرانی 2026، حەمە هاشم، هونەرمەندی شێوەکاری کورد و کارمەندی کوردستان24، دەربارەی کردنەوەی پێشانگە تایبەتەکەی بە کوردستان24ی گوت، "ئەو پێشانگە تایبەتەی من، لە گەلەریی هونەری ریپێراج لە قەڵای ئۆرادیا دەکرێتەوە، هەروەها لەلایەن هونەرمەندی ڤیۆارا بارا ئەو پێشانگەیە رێکخراوە. هەروەها ئەم پێشانگەیە بە سەرپەرشتی یەکێتیی هونەرمەندانی شێوەکاری رۆمانیا  لقی ئۆرادیا بەڕێوە دەچێت. لەگەڵ ئەوەشدا شارەوانی و ئەنجوومەنی شاری ئۆرادیا هاوبەش و پشتگیری ئەم چالاکییە هونەرییەی من دەکەن."

حەمە هاشم گوتیشی، "لەو پێشانگەیەدا نزیکەی 50 کاری هونەری خۆم نمایش دەکەم، کاری گەورەی تێدایە، هەروەها کاری بچووکیشی تێدایە، گەورەترین کارم نزیکەی سێ مەتر درێژە، هەموو ئەو کارانەم لە کوردستانەوە دەبەمە ئەوێ و لە پێشانگەیەکی تایبەتدا نمایشیان دەکەم.

بڕیارە 27ی حوزەیرانی 2026، حەمە هاشم، نووسەر و شێوەکاری کورد، پێشانگەی شێوەکاری لە وڵاتی رۆمانیا بکاتەوە و ماوەی یەک مانگ بەردەوام بێت.

حەمە هاشم، نووسەر و شێوەکاری کورد و کارمەندی کوردستان24، لە ساڵی 1973 لەشاری کۆیە لەدایک بووە، پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی تەواوکردووە، 15 پێشانگە و ئەزموونی تایبەتی شیوەکاری نمایشکردووە لە، کوردستان، فەرەنسا ، ئەڵمانیا، پۆلەندا، ھیندستان، ئەمریکا، میسر، ئێران، تورکیا، بەشداری لە زیاتر لە 150 پێشانگەی هاوبەشدا کردووە، شەش کتێبی هونەری نووسیوە بە ناوەکانی وەکو، ڤانکۆخ، رۆدان، ھونەری پیرۆز،  ھونەری ئەبستراکت، نامەکانی ڤانکۆخ، میکلانجیلۆ.