سیوەیلی: کێشەی ئێستا "پۆستەکانە" نەک شێوازی حکومڕانی

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، میوانی کاتژمێر 12:00ی کوردستان 24 بوو کە لە لایەن کۆڤان عیزەت، پێشکەش دەکرێت، وردەکاریی نوێ لەبارەی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەخاتە ڕوو؛ سیوەیلی ئاشکرای دەکات کە دیدگای هاوبەشی حکوومڕانی لە نێوان هەردوولا واژۆ کراوە و ئێستا کێشەی سەرەکی تەنیا لەسەر دابەشکردنی "پۆستەکانە"

کوردستان24: بەپێی زانیارییانەی کە دەست کوردستان 24 کەوتوون، لەم دوو هەفتەیەدا یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە، ئایا ئەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو یان کەمێک درەنگتر دەبێت کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی؟

هۆشیار سیوەیلی: ئەم کاتەت باش، زۆر زۆر سوپاس. وەکو هەموومان ئاگادارین، دەستپێشخەریی جەنابی سەرۆک و پەیامی جەنابی سەرۆک بە بۆنەی جەژنەوە بۆ لایەنەکان، هەموویان پێکەوە کۆببنەوە بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی کە ئێستا هەن بەتایبەتی لە پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ چارەسەر بکەن و ئەو چەقبەستنەی کە ئێستا هەیە نەمێنێت و ئەو پڕۆسەیە گەیشتووەتە بنبەست تا ڕادەیەکی زۆر چارەسەر بکرێت. وە لە هەمان کاتدا هەر وەکو خۆشت ئاماژەت پێدا، مەکتەبی سیاسی پارتی هەمان پەیامی بڵاو کردووەتەوە کە داوا دەکات لایەنەکان و بەتایبەت لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەماهەنگی هەبێت بۆ ئەوەی کە چارەسەری ئەو کێشانە بکەن کە ئێستا لە ئارادان. بێگومان دوو ڕۆژی جەژن تەواو بووە و هێندەی من ئاگادارم هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی کە بەپێی ئەو دەستپێشخەری و پەیامەی کە جەنابی سەرۆک بارزانی کردوویەتی لایەنەکان هەموو پەیوەندییان لەگەڵدا دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو کۆبوونەوەیەی کە داواکراوە بە زووترین کات ئەنجام بدرێت و گفتوگۆ لەسەر ئەو کێشانە بکرێت، بەتایبەتی کێشەی ئێستا سەرەکییەکە وەک دیسان باسمان کرد مەسەلەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێیە.

کوردستان24: باشە، کەواتە لەم نزیکانە کۆدەبنەوە؟

هۆشیار سیوەیلی: بەڵێ بێگومان، هەردوو لا ئامادەیی خۆیان نیشانداوە، مەبەستم یەکێتی و پارتییە، هیوادارم لایەنەکانی تریش بە هەمان شێوە ئامادە بن و لەسەر ئەجێندایەکی هاوبەش بۆ کۆبوونەوەکە ڕێکبکەون، چونکە کۆبوونەوەکە تەنیا لەپێناوی ئەنجامدانی کۆبوونەوە نییە، خەڵک چاوەڕێ دەکات ئەو کۆبوونەوەیەی کە دەکرێت یان ئەو کۆبوونەوانەی کە دەکرێن ئەنجام و ئاکامێکی هەبێت، لەبەرئەوە زەمینەسازی دەوێت پێش ئەوەی کۆبوونەوەکان ئەنجام بدرێن، وە ئێستا ئەو پڕۆسەیە ئەنجام دەدرێت، لایەنەکان بەتایبەتی یەکێتی و پارتی لە پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەوامدان بۆ ئەوەی کە ئەو کۆبوونەوەیە لە نزیکترین دەرفەت و کاتدا ئەنجام بدرێت.

کوردستان24: ئاها ئەمڕۆ ئاری هەرسین چووە لای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی، گوتی ئەگەر پەیوەندی یەکێتی و پارتی باش نەبووایە من لێرە چیم دەکرد، بە ڕاستی ئێستا پەیوەندی یەکێتی و پارتی باشە؟

هۆشیار سیوەیلی: پەیوەندی یەکێتی و پارتی خراپ نییە یانی، ئێمە هێشتا لە حکوومەت، یانی لە کابینەیەکداین، یەکێتی و پارتی پێکەوە حکوومەتیان دامەزراندووە و هێشتا پێکەوە حکوومڕانی دەکەن، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە پەیوەندییەکان باشن، پەیوەندییەکان خراپ نین. هەر بەبۆنەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پەیامی پیرۆزبایی بۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نێردراوە. لەبەرئەوە پەیوەندییەکان باشن، پەیوەندییەکان خراپ نین، هیوادارین ئەو پەیوەندییانە بگەنەوە ئاستێک کە بتوانین پێکەوە کابینەی نوێی حکوومەت پێک بهێنین.

کوردستان24: هەردوو لا نەرمی دەنوێنن بۆ ئەوەی بگەن بە ڕێککەوتن بە ڕاستی کاک هۆشیار؟ چونکە خەڵک دەڵێن پارتی و یەکێتی بە ڕاستی ئەو گلەییە لە هەردوو لا دەکرێت، دەڵێن ئامادەن نەرمی بەرانبەر بە هەموو لایەک بنوێنن بەس بەرامبەر یەکتری نەرمی نانوێنن، ئەو گلەییە هەم لە یەکێتی هەم لە پارتی.

هۆشیار سیوەیلی: من زیاتر ئاگاداری هەڵوێستەکانی پارتیم، پارتی نەرمی نواندووە چونکە لە سەرەتاوە دوای ئەوەی هەڵبژاردن کرا و پارتی لەگەڵ هەموو لایەنەکان کۆبووەوە و هیچ لایەنێک جگە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادە نەبوو کە لەگەڵ پارتی بکەوێتە گفتوگۆ و دانیشتن بۆ پێکهێنانی حکوومەت، پارتی نەرمی نواندووە، دەزانی چونکە لە سەرەتاوە، ئەوان ڕایانگەیاند کە پۆست بەلای ئەوانەوە زۆر گرنگ نییە بەڵکو بەشداری پێکردنیان یان هاوبەشییان لە حکوومڕانیدا گرنگە، هەر لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە زیاتر لە ساڵێک هەردوو لا، شاندی دانوستانکاری هەردوو لا کەوتنە گفتوگۆ بۆ داڕشتنی بەرنامەیەکی حکوومڕانی کە ئێستا ناونراوە دیدگای هاوبەشی حکوومڕانی، کە یەکێتی ئیمزای کردووە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. لەبەرئەوە ئەو مەرجەی کە یەکێتی هەبوو هەر لە سەرەتاوە جێبەجێ کراوە، یانی هاوبەشییەتی یان هاوبەشی لە حکوومڕانیدا. هاتەوە سەر پۆستەکان دەرچوو کە پۆستەکان کێشەی سەرەکین نەک شێوازی هاوبەشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە حکومڕانیدا و ئێستا کێشەکە کێشەی پۆستە نەک شێوازی بەشداریپێکردن یان بەشداریکردن لە کابینەی نوێ.

کوردستان24: دەتوانم بزانم کێشەکە لە کام پۆستدایە، ئایا وەزارەتی ناوخۆیە یان کێشەی تریش هەن؟

هۆشیار سیوەیلی: نا، ئێستا ئەوەی کە باس دەکرێت زیاتر بابەتی وەزارەتی ناوخۆیە، بەڵام پارتیش دەڵێت بەرانبەر بەوەی کە وەزارەتی ناوخۆ پۆستێکی ئەمنییە، بەرانبەر بەوە وەزارەتی پێشمەرگە دراوە بە یەکێتی، بەرانبەر بەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەرێم دراوە بە یەکێتی، یانی هیچ لە ناحیەی ئەمنییەوە ئەو دوو شوێنە یان ئەو دوو پۆستەش هەمان گرنگییان هەیە. تا ئێستا کێشەکە زیاتر لەسەر پۆستە چونکە وەک گوتم حکومڕانی، شێوازی حکومڕانی و شێوازی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان کە ئێستا تەنیا نزیکەی دوو ساڵی ماوە، هەردوو لا لەسەری ڕێککەوتوون، هیچ کێشەیەک نەماوە کە ئەوە مەرجە بنەڕەتییەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو لە سەرەتای گفتوگۆکاندا.

کوردستان24: ئێستاش هەمان کێشە ماوە یان هەردوو لایان دەوێت بگەن بە ڕێککەوتن؟

هۆشیار سیوەیلی: من لەو بڕوایەدام دەڵێم پارتی دیموکراتی کوردستان دەوێت ڕێبکەوێت لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان دەوێت پێکەوە حکوومەت پێک بهێنن، کابینەی نوێ پێک بهێنن چونکە پارتی دەمێکە هەر لە سەرەتاوە درکی بەوە کردووە کە چەقبەستن یان چەقبەستوویی یان نەگەیشتنە ئەنجام بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆ لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نییە. ئێمە دەزانین خەڵکی کوردستان داوا لە هەردوو لا دەکات، ئێمە دەزانین خەڵکی کوردستان کە چووەتە سەر سندووقی دەنگدان بۆ ئەوەی کە پارتەکان دەنگ بێنن، کورسی بهێنن بۆ ئەوەی حکوومەت پێک بهێنن. دۆستەکانمان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان داوامان لێ دەکەن بە زووترین کات ئێمە حکوومەت پێک بهێنین، ڕەنگە زۆر نەچنە وردەکاری ئەو کێشانەی کە لە نێوان ئێمە و یەکێتیدا هەیە، ئەوان دەوێت هەرێمی کوردستان دەزگاکانی دەزگای یاسایی بن بەو شێوەیەی کە لە یاساکاندا دانراوە، هەرێمی کوردستان بەڕێوە بەرن. دەیانەوێت حکوومەتێک هەبێت کە بتوانێت زۆر بە جددیتر، چالاکتر، کاراتر لەگەڵ بەغدا بکەوێتە گفتوگۆ چونکە پەرشوبڵاوی هەرێمی کوردستان، ناتەبایی هێزەکانی هەرێمی کوردستان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر پەیوەندییەکانی ئێمە هەیە لەگەڵ بەغدا. لەبەرئەوە پارتی زۆر بە جددی هەوڵی داوە و من لەو بڕوایەدام زیاتریش هەوڵ دەدا لەمەودوا بەتایبەتی دوای ئەوەی کە سەرۆک بارزانی داوای کردووە هەموو لایەنەکان کۆببنەوە و ئەو کێشانەی ئێستا هەن چارەسەر بکرێن، پارتی زۆر بە جددی لەگەڵ لایەنەکان بە شێوەیەکی گشتی و لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتایبەتی دەکەوێتە گفتوگۆ بۆ ئەوەی بە زووترین کات کابینەی نوێ پێک بهێنرێت.

کوردستان24: وەزارەتی ناوخۆیان پێ دەدەن؟ هەرچەندە لەم گفتوگۆی من و تۆدا نامەوێت ببمە هۆکاری ئەوەی کە زیاتر لە یەکتر دوور بکەونەوە، بەڵام ئایا وەزارەتیان پێ دەدەن؟

هۆشیار سیوەیلی: دەگەڕێتەوە سەر شێوازی دانیشتنەکان، شێوازی گفتوگۆکان، ئەو کۆبوونەوانەی کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجام دەدرێت بە ڕاستی، من ناتوانم وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، بەڵام ئەوەی کە هەیە، ئەوەی کە گرنگە یەکێتی هاوبەشێکی ڕاستەقینەی حکوومڕانی دەبێت لە هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو بەرنامەیەی کە دانراوە، بەپێی ئەو دیدگای حکوومڕانییەی کە دانراوە. لەبەر ئەوە باشترە یەکێتی سەرنج بکاتە سەر ئەو بەرنامەیە نەک پۆستێک یان دوو پۆست چونکە ئەگەر دوو پۆست، پۆستێکیشیان زیاتر هەبێت ئەگەر بەپێی بەرنامەیەکی گونجاو کە هەردوو لا لەسەری ڕێککەوتوون حکوومڕانی نەکرێت ڕەنگە یەکێتی لە ئایندەدا تووشی کێشە بێت یان ڕازی نەبێت بەو بەشداری کردنەی لە کابینەی نوێدا.

کوردستان24: پارتی و یەکێتییە، درکتان بەوە کردووە کە ناتەبایی ئەم دوو حزبە کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵکیش دەبێت؟ باوەڕ بکە ئەوڕۆ کاسبکارێک دەیگوت شەڕی ئێران و ئەمریکا ئەوەندە کاریگەری لەسەر ئێمە نەبووە وەک ئیش، ئەوەندەی پەیوەندی خراپی یەکێتی و پارتی کاریگەری لەسەر ئێمە هەبووە.

هۆشیار سیوەیلی: دەزانی بێگومان پارتی درکی بەوە کردووە کە ناتەبایی کێشەی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکات، ئێمە ئەزموونێکی زۆر زۆر تاڵمان هەیە وەکو هەرێمی کوردستان، وەکو گەلی کوردستان لەم بەشە، ئەزموونێکی تاڵمان هەیە لەگەڵ ناتەبایی، لەگەڵ ڕێکنەکەوتنی حزبەکان بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوە ئێمە ئەو پەڕی هەوڵ دەدەین، ئەو پەڕی هەوڵمان داوە و من دەتوانم بڵێم پارتی ئەو پەڕی نەرمیشی نواندووە لەگەڵ یەکێتی بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانن حکوومەت پێک بهێنن. دەزانی من دیسان پرسی هاوبەشی لە حکوومڕانیدا من زۆر ڕەنگە ئەو چەمکە بە دروست نەزانم، ئێمە پێویستە زیاتر جەخت لەسەر کاراکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بکەین نەک لەسەر ئەوەی کە یەکێتی و پارتی پێکەوە حکوومڕانی هەرێمی کوردستان بکەن. ڕەنگە هەندێک جار هەندێک کەس وا تێبگات کە یەکێتی دەوێت بگەڕێتەوە بۆ سیستەمی پەنجا بە پەنجای کۆن کە بە ڕاستی سەرکەوتوو نەبوو. ئێمە دەبێت یەک هەرێممان هەبێت، ئێمە دەبێت یەک پەرلەمانمان هەبێت، ئێمە دەبێت یەک حکوومەتمان هەبێت، ئێمە دەبێت یەک دەستوورمان هەبێت. لە جیاتی ئەوەی کە تەرکیز لەسەر پۆستێک یان دوو پۆست، حەز دەکەم یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت لەسەر ئەوە بکاتەوە کە هەرێمی کوردستان دەبێت خاوەن دەستوور بێت. ئێمە ئەگەر خاوەن دەستوور بین ڕەنگە بەشێک لەو کێشانەی کە ئێستا هەمانە ئەو کێشانەمان نەمێنێت چونکە دیدگایەکی ڕوونتر و باشترمان دەبێت بۆ شێوازی حکوومڕانی. لەبەرئەوە ئێمە پێویستە، دەبێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە، دەبێت پەرلەمان کاری خۆی بکات، یانی گرنگی دان بە دامەزراوەکان بزانن زیاتر بایەخ بە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بدەن.

کوردستان24: هەموو حزبەکان وا دەڵێن کاک هۆشیار، هەموو حزبەکان بڕۆ پێیان بڵێ دەڵێن لەگەڵ ئەوەین پەرلەمان کارا بکرێتەوە و حکوومەت پێک بێت و ناشکرێتەوە.

هۆشیار سیوەیلی: پارتی زیاتر لە هەموو حزبەکانی تر هەنگاوی جددی ناوە، پارتی زیاتر لە هەموو حزبەکانی تر نەرمی نواندووە.

کوردستان24: کاک هۆشیار لەگەڵ یەکێتی بەتەنیا کۆدەبنەوە یان لەگەڵ یەکێتی و نەوەی نوێ؟ چونکە ئەوان ئێستا دەڵێن ئێمە هاوپەیمانین.

هۆشیار سیوەیلی: هەڵوێستەی پارتی ئاشکرا و ڕوونە، بێگومان پارتی تا ئێستاش ڕایگەیاندووە لەگەڵ یەکێتی و نەوەی نوێ وەک دوو هاوپەیمان دانیشتنی نابێت بۆ گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی حکومەت، بەڵام لەگەڵ یەکێتی ئامادەیە و لەگەڵ نەوەی نوێش ئامادەیە وەک لایەنێکی سیاسی بۆ پێکهێنانی حکوومەت قسە بکات، بەڵام وەک ئەو هاوپەیمانییەی کە ڕایانگەیاندووە نازانم ئیمزای لەسەر کراوە یان نا، تا ئێستا هەڵوێستی پارتی ئەوەیە کە لەگەڵ نەوەی نوێ و یەکێتی پێکەوە بۆ پێکهێنانی حکوومەت گفتوگۆ ناکەن.