وەزارەتی کارەبا: زیاتر لە 85%ـی هاووڵاتییان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی ڕاستکردنەوەی پڕۆسەی پسوولەکردندا، بڕی 3 ملیار دینار داشکاندن بۆ نزیکەی 118 هەزار هاوبەشی ماڵان دەگەڕێنێتەوە، جەختیشی کردەوە کە ئێستا زیاتر لە 85%ـی هاووڵاتییان لە ڕێگەی "پڕۆژەی ڕووناکی"یەوە کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە.
دووشەممە 1ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بڕی داشکاندنی 3 ملیار دینار گەڕاندەوە بۆ هاوبەشانی ماڵان وەک بەشێک لە رێکارە بەردەوامەکانی راستکردنەوەی پڕۆسەی پسوولەکردن.
ئاماژەشی داوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی هەڵە لە پڕۆسەی پسوولەکردن، سیستەمی نوێی پسوولەکردن نزیکەی 118,000 هاوبەشی ماڵانی دیاریکردووە کە بەتەواوی لە داشکاندنی سێ مانگی یەکەمی پڕۆژەی رووناکی سوودمەندنەبوون.
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردووە، هەموو ئەو هاوبەشانەی ماڵان بڕی داشکاندنەکانیان لە پسوولەی مانگەکانی داهاتووی پڕۆژەی رووناکی یان قەرزی پێش پڕۆژەی رووناکی بۆ ئەژماردەکرێت. ئەو هاوبەشانەی خۆیان تۆمارکردووە لە پڕۆژەی رووناکی لەرێگەی کورتەنامە ئاگادار دەکرێنەوە.
خشتەی یەکەم: داتاکانی پەیوەست بە داشکاندن لە کوردستان
| کۆی گشتی ئەو پارەیەی گەڕێندراوەتەوە بۆ هاوبەشانی ماڵان | ژمارەی هاوبەشانی سوودمەند لە پاڵپشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان | تێکڕای بڕی پارەی گەڕێندراوە بۆ هاوبەشانی ماڵان |
| 3.031 ملیار دینار | 117,628 | 25,768 دینار |
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، تاوەکو ئەمڕۆ، نزیکەی 5.5 ملیۆن هاووڵاتی کە زیاترە لە 85%ـی هاووڵاتییانی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە لە رێگای پڕۆژەی رووناکی.
بەپێی نرخە نوێیەکان، %80ی هاووڵاتییان، بەتایبەتی کەمدەرامەتان، پارەیەکی کەمتر دەدەن بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی رووناکی راگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026. لە ئایاریش، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پڕۆژەکەی دەرکرد.
پرۆژەی رووناکی کارەبای کاتژمێری بۆ هەموو کوردستان دابین دەکات تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026. ئێستا زیاتر لە 85%ی هاووڵاتییان کارەبای بەردەوامیان هەیە لە پڕۆژەی رووناکی.