بەڕاک: شێوازی سەرکردایەتیکردنی ترەمپ کلیلی سەرکەوتنی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا
باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تورکیا، بە فەرمی ئەرکی نوێی وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ عێراق و سووریا وەرگرت. باراک لە یەکەم پەیامیدا دوای دەستنیشانکردنی، رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ توانیویەتی "پارادایمی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە بگۆڕێت" و شێوازی سەرکردایەتیکردنی ئەو، کلیلی سەرکەوتنی واشنتنە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دووشەممە 1ـی حوزەیرانی 2026، تۆم بەڕاک لە رێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"، خۆشحاڵی خۆی بۆ خزمەتکردن لەژێر سەرکردایەتی دۆناڵد ترەمپ دەربڕی و جەختی کردەوە، ترەمپ کارێکی لە ناوچەکەدا کردووە کە هیچ کام لە سەرۆکەکانی پێشوو بۆیان نەکراوە. بەڕاک گوتی: "کاتێک ترەمپ قسە دەکات، دۆست و دوژمن وەک یەک گوێی لێ دەگرن؛ پڕۆگرامەکە چیتر لەلایەن رۆژئاواوە بۆ رۆژئاوا دیاری ناکرێت، بەڵکو لە ناوچەکەوە بۆ ناوچەکە داڕێژراوە."
نێردە نوێیەکەی سەرۆک بۆ عێراق و سووریا، ئاماژەی بە رۆڵی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد و گوتی: ئەو بە شوێنپێی هێنری کیسنجەردا دەڕوات و "رۆبیۆ وەک تاکە وەزیری دەرەوە کە لە هەمان کاتدا پۆستی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەییشی لایە، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە شێوازی مامەڵەی ئەمریکا لەگەڵ ناوچەکەدا دروست کردووە."
بەڕاک سەرنجی خستە سەر فەلسەفەی سیاسیی ئیدارەی ترەمپ و روونیکردەوە کە هاوسەنگیی هێز بە بوونی ئەمریکا باشترین ئەنجامی دەبێت کاتێک هاوپەیمانەکان هان دەدرێن زیاتر پشت بە خۆیان ببەستن. گوتیشی: "ئێمە دەمانەوێت هاوپەیمانەکانمان باری قورس لەگەڵماندا دابەش بکەن و بەرەو خۆشگوزەرانی هاوبەش بڕۆین، بەڵام هەموو ئەمانە دەبێت لە چوارچێوەیەکدا بن کە هەژموون و سەقامگیری و ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەمریکا بپارێزێت."
دوێنێ یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) رایگەیاندبوو، تۆم بەڕاک کە ئێستا باڵیۆزی ئەمریکایە لە تورکیا، ئەرکی نوێی وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ عێراق و سووریا پێسپێردراوە؛ وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ هەریەکە لە وڵاتانی عێراق و سووریا دیاریی کراوە.