دەستەی دەریایی بەریتانیا: کەشتییەک لە باشووری بەندەری ئوم قەسر هێرشی کراوەتەسەر
دەستەی ئۆپراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، راپۆرتێکیان پێگەیشتووە سەبارەت بە روودانی تەقینەوەیەکی گەورە بەهۆی بەرکەوتنی تەنێکی نەناسراو بە کەشتییەک لە کاتی تێپەڕبوونی بە ئاوەکانی کەنداودا.
دووشەممە 1ـی حوزەیرانی 2026، دەستەی ئۆپراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا روونی کردەوە، رووداوەکە لە دووری 40 میلی دەریایی لە باشووری رۆژهەڵاتی بەندەری ئوم قەسری عێراقی لە پارێزگای بەسرە روویداوە، ئاماژە بەوەش کراوە، کەشتییەکی بارهەڵگر لە کاتی تێپەڕبوونی بە کەنداودا، تەقینەوەیەکی گەورە لە لای راستی کەشتییەکە روویداوە دوای ئەوەی تەنێکی نەناسراو بەری کەوتووە.
لە راپۆرتەکدا باس لەوەشکراوە، لە ئێستادا زانیارییان نییە سەبارەت بە هیچ کاریگەرییەکی ژینگەیی کە بەهۆی رووداوەکەوە دروست بووبێت، هاوکات دەستەکە رایگەیاندووە دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان خەریکی لێکۆڵینەوەن و ئامۆژگاری کەشتییەکانی ناوچەکەیان کردووە کە لە کاتی رۆشتندا وریای خۆیان بن و هەر چالاکییەکی گوماناوی راپۆرت بنێرن بۆ لایەنە پەیوەندارەکان.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، گرژییە ئەمنییەکان لە ناوچەی کەنداو و گەرووی هورمز بەردەوامن، هەر ئەمڕۆش ئێران رایگەیاند ئاڵوگۆڕی نامە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رادەگرێت لە چوارچێوەی دانوستانەکاندا، ئەوەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان.
هەفتەی رابردوو دۆناڵد تـرەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، دانوستان لەسەر زۆربەی بەندەکانی رێککەوتنێک لەگەڵ تاران تەواو بووە، کە بڕیارە کردنەوەی گەرووی هورمزیش بگرێتەوە، ئەوەش دوای ئەو جەنگەی لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ی شوبات دەستیپێکردبوو و دواتر لە 8ی نیساندا ئاگربەستێکی کاتی راگەیەندرا.