ناتانیاهۆ: حزبوڵڵا هێرشەکانی نەوەستێنێت، بەیرووت بۆردوومان دەکەین
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، جەختی کردووەتەوە، ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر شار و هاووڵاتییانی ئیسرائیل نەوەستێنرێن، هێزەکانیان ئامانجەکان لە ناو جەرگەی بەیرووتی پایتەخت دەپێکن.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ئاشکرای کرد ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 1ی حوزەیرانی 2026، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گفتوگۆی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە، سەبارەت بە پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەکە.
ناتانیاهۆ نووسیویەتی: "بە ترەمپم ڕاگەیاند، ئەگەر حزبوڵڵا کۆتایی بە هێرشەکانی نەهێنێت بۆ سەر شارەکانمان و هاووڵاتییانمان، ئیسرائیل ئامانجە تیرۆریستییەکان لە نێو بەیرووت دەپێکێت."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر ئەم پرسە جێگیرە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە، گوتیشی: "پێگەی ئێمە وەک خۆی دەمێنێتەوە."
سەبارەت بە دۆخی مەیدانی لە بەرەکانی جەنگ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند کە سوپای وڵاتەکەی بەپێی ئەو پلانەی پێشتر بۆی داڕێژراوە، بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە نێو خاکی باشووری لوبنان.
هەر ئەمڕۆ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، توانیویەتی لە رێگەی زنجیرەیەک پەیوەندیی دیپلۆماسییەوە ئاگربەستێکی دەستبەجێ لە لوبنان بچەسپێنێت; جەختی کردەوە، ئیسرائیل بڕیاری داوە هێزەکانی بۆ ناو بەیرووت نەنێرێت و حزبوڵڵاش رازی بووە هەموو جۆرە هێرش و تەقەکردنێک رابگرێت.