بەحرەین گەشتکردنی هاووڵاتییانی بۆ ئێران و عێراق قەدەخە کرد
ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین بڕیارێکی نوێی دەرکرد کە بەپێی ئەو بڕیارە گەشتکردنی هاووڵاتییانی بەحرەینی بۆ هەریەکە لە کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق قەدەخە دەکرێت، ئەمەش بەهۆی گرژییەکانی دۆخی ئەمنی ئێستاوە.
وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین راگەیندراوێکی لەسەر دۆخی ئەمنی هەردوو وڵات بڵاوکردووەتەوە تێیدا هاتووە، "بەهۆی بەردەوامیی گرژییەکان و دۆخی ئەمنی و لێکەوتەکانی هێرشەکانی ئێران، هەروەها لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمان و سەلامەتی سەرجەم هاووڵاتییان، بڕیاردرا بە قەدەخەکردنی گەشتی هاووڵاتییان بۆ ئێران و عێراق تا کاتێکی نادیار."
هەروەها وەزارەتەکە جەختی کردووەتەوە، پشتبەستن بەم بڕیارە، سەرجەم رێکارە یاساییە پێویستەکان بەرامبەر هەر کەسێک دەگیرێتەبەر کە سەرپێچی ئەم رێنماییانە بکات.
لە دوای جەنگی 28ـی شوباتی رابردووی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، تاران هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر وڵاتانی کەنداو، بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاران شەش هەزار و 600 هێرشی کردووەتە سەر وڵاتانی کەنداو.
لەنێوان وڵاتانی کەنداو، ئێران زۆرترین هێرشی کردووەتە سەر ئیمارات دوای ئەو وڵاتانی کوەیت، سعوودیە، بەحرەین و قەتەر لەلایەن ئێرانەوە کراونەتە ئامانج، بەڵام زۆرترین هێرشەکانی ئێران لەلایەن بەرگریی ئاسمانی ئەو وڵاتانەوە پوچەڵکردەوە.