خەریکە بازاڕی زێر هەڕمێنی پێشووی نامێنێت

لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی خواست لەسەر لیرە و زێڕی کێش سووک زیادی کردووە، بەڵام لە دوای جەژنی قوربانەوە هەڕمێنی بازاڕی زێر تووشی چەقبەستوویی بووەتەوە و شارەزایەکی دراو و بانک هۆکاری هەڵبەز و دابەزی خواست و بازاڕی زێڕ بۆ چەند پرسێکی ناوخۆیی و ناوچەکە و جیهان دەگەڕێنێتەوە.

رۆژی سێشەممە 2ی حوزەیرانی 2026، هەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگرانی هەرێمی کوردستان تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی رایگەیاند، لە دوای جەژنەوە ئاراستەی بازاڕی زێڕ تا رادەیەک ناڕوونە و کڕین و فرۆشتن کەمی کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا خواستێکی زۆر لەسەر لیرەی 5 گرامی و زێڕی کێش سووک هەیە؛ بە جۆرێک ئەو پارچە زێڕانەی پێشتر بە 15 بۆ 20 مسقاڵ دروست دەکران، ئێستا بە هەمان دیزاین بە 4 بۆ 5 مسقاڵ دروست دەکرێن بۆ ئەوەی لەگەڵ توانای دارایی هاووڵاتییاندا بگونجێت.

وەرتی جەختی لەوەش کردەوە کە هەولێر لە رووی کوالێتیی بەرهەمهێنانەوە لە پلەی یەکەمی عێراق دایە و گوتی "زێڕ باشترین جۆری پاشەکەوتە، بۆ نموونە هەندێک کەس بڕی 500 دۆلار لە مکیاژ و کۆزمەتیکدا خەرج دەکەن، لە کاتێکدا دەتوانن ئەو پارەیە بدەن بە نیو لیرە کە بۆ پاشەکەوتی داهاتوویان زۆر گرنگە."

لە لایەکی دیکەدا سەبارەت بە هۆکارە جیهانییەکانی بەرزبوونەوەی نرخ، مامۆستای زانکۆ، خاتوو نەجات جەمال محەممەد، کە پسپۆڕە لە بواری دراو و بانک لە زانکۆی سەلاحەددین، شیکردنەوەیەکی وردی بۆ فاکتەرەکان هەیە و بە چەند خاڵێک دۆخەکە بۆ کوردستان24 روون دەکاتەوە:

یەکەم: بانکە ناوەندییەکان، بەتایبەتی لە وڵاتە تازەپێگەیشتووەکانی وەک چین و پۆڵەندا و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، روویان کردووەتە کڕینێکی پێوانەیی زێڕ. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا یەدەگی دۆلاری هەندێک وڵاتی وەک رووسیا و ئێرانی سڕ کرد، بۆیە بانکەکان ئێستا دەیانەوێت یەدەگەکانیان بۆ زێڕ بگۆڕن، چونکە زێڕ داراییەکی پارێزراوە، لەژێر دەسەڵاتی هیچ دەوڵەتێکدا نییە، چاپ ناکرێت و ساختەش ناکرێت.

دووەم: ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتیکییە بەردەوامەکان، بەتایبەت ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەلایەک شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵڵا و لەلایەکی دیکەوە دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران، وایان کردووە وەبەرهێنەران لە حاڵەتی چاوەڕوانیدا بن. ئەم دڵەڕاوکێیە خواست لەسەر زێڕ زیاد دەکات وەک "پەناگەیەکی ئارام" بۆ خۆپاراستن لەو مەترسیانەی کە دەبنە هۆی دابەزینی بەهای دراوەکان.

سێیەم: مەترسیی هەرەسی سیستمی دارایی تەقلیدی و دابەزینی هێزی کڕینی دۆلار، فاکتەرێکی دیکەی گرنگە. دکتۆرە نەجات ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتر زێڕ بنەمای سیستمی نەقدی جیهانی بوو، دواتر دراوی کاغەز جێگەی گرتەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی بەرزبوونەوەی قەرزە جیهانییەکان بۆ ئاستی پێوانەیی، دووبارە متمانە بە دۆلار و دراوەکان کەم بووەتەوە و زێڕ وەک کۆگایەکی راستەقینەی بەها سەیر دەکرێتەوە.

چوارەم: سیاسەتی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا سەبارەت بە نرخەکانی سوو (فایدە) کاریگەریی راستەوخۆی هەیە. کاتێک ئاراستەکان بەرەو کەمکردنەوەی نرخی سوو دەچن بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشەکشەی ئابووری، داهاتی قەواڵەکانی خەزێنەی ئەمریکا کەمدەبێتەوە، لەو کاتەدا زێڕ دەبێتە بژاردەیەکی سەرنجڕاکێشتر بۆ وەبەرهێنەران، چونکە تێچووی هەڵگرتنی زێڕ کەمتر دەبێتەوە و قازانجەکەی مسۆگەرترە.

عێراق لە ریزبەندیی جیهانیدا بۆ یەدەگی زێڕ، لە پلەی 29 یان 30 دایە. بانکی ناوەندیی عێراق لە ساڵانی 2023 و 2024 دا ستراتیژییەکی نوێی گرتەبەر بۆ زیادکردنی یەدەگی زێڕ بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی بەهای دۆلار و دابینکردنی بەرگێکی بەهێز بۆ دیناری عێراقی. یەدەگی زێڕی عێراق لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا لە 30 تەنەوە بۆ زیاتر لە 150 تەن بەرزبووەتەوە.