هەنگاوەکانی گواستنەوەی پڕۆژەی هەژماری من بۆ سەر وەزارەتی دارایی دەستیپێکردووە
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: هەنگاوەکانی گواستنەوەی پڕۆژەی هەژماری من بۆ سەر وەزارەتی دارایی، ئێستا بە چەند قۆناغێک دەستیپێکردووە و بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا بە تەواوی پڕۆژەکە رادەستی وەزارەتەکە بکرێت.
رۆژی سێشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2026، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتەکە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتۆگۆ لەسەر دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی هەژماری من کرا و جەخت لەسەر خێراترکردنی پڕۆسەی تۆمارکردنی سەرجەم مووچەخۆران لە نزیکترین کاتدا کرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، وەک ئەوەی لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، باس لە هەنگاوەکانی گواستنەوەی پڕۆژەکە بۆ سەر وەزارەتی دارایی کرا، کە ئێستا بە چەند قۆناغێک دەستیپێکردووە و بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا بە تەواوی پڕۆژەکە رادەستی وەزارەتەکە بکرێت.
هاوکات لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بە داتا و زانیاری دوایین هەنگاوەکانی پڕۆژەی هەژماری من خرایە روو، بە جۆرێک تا ئێستا ملیۆنێک و 168 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر تۆمار کراون و زیاتر لە 830 هەزار کارتی بانکی دابەش کراون، بۆ مووچەی مانگی ئایاریش 800 هەزار کەس لە رێگەی 635 ئامێری راکێشانی پارە (ATM)ـەوە مووچەیان وەرگرتووە.
وەزارەتی دارایی باسی لەوە کرد، ئێستا پڕۆسەی تۆماکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەسەر داهات، پەرەپێدان و میالاکات دەستی پێکردووە و نزیکەی 50 هەزار مووچەخۆر ماون کە خۆیان تۆمار بکەن کە بەشی زۆریان میراتگری خانەنشینن و بەشێکیشیان دانیشتووی دەرەوەی کوردستانن.
هاوکات ئاماژە بەوەش کرا، لە کۆی 474 هەزار کەسوکاری شەهید و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، تا ئێستا 418 هەزاریان تۆمار کراون و 220 هەزار مووچەخۆریش کارتی بانکییان وەرگرتووەتەوە.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی داراییدا ئەوەش خراوەتە روو، ئاوات شێخ جەناب، تیمەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد، هەموو هەوڵ و توانای خۆیان لەگەڵ بانکەکان بخەنەگەڕ بۆ چارەی ئەو کێشە و گرفتانەی لە ماوەی رابردوو دروست بووە، بە تایبەت کێشەی ئامێرەکانی راکێشانی پارە و ئەو کێشانەی پەیوەستە بە خانەنشینان لەکاتی وەرگرتنەوەی کارتی بانکییان و میکانیزمی نوێ بۆ تۆمارکردنی ئەو خانەنشینانەی نەخۆش، پەککەوتەن و ناتوانن سەردانی بانکەکان بکەن.