ترەمپ: رۆژانە گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەکەین

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە راگرتنی گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تاران دەکەن و جەختی کردەوە پەیوەندییەکان بە شێوەیەکی رۆژانە بەردەوامن و هۆشداریی دایە تاران کە چیتر کاتی ئەوە هاتووە دوای 47 ساڵ رێککەوتنێکی کۆتایی واژۆ بکەن.

سێشەممە 2ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) رایگەیاند، ئەو راپۆرتانەی دەڵێن ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران چەند رۆژێکە گفتوگۆکانیان راگرتووە، "هەواڵی ساختە و هەڵەن." ترەمپ ئاشکرای کرد کە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی پەیام و قسەکردن لە نێوان هەردوولا رۆژانە بەردەوامە.

ترەمپ وردەکاریی کاتی گفتوگۆکانی خستەڕوو و گوتی: "ئێمە بەردەوام لە پەیوەندیداین؛ چوار رۆژ لەمەوبەر، سێ رۆژ، دوو رۆژ، دوێنێ و تەنانەت ئەمڕۆش گفتوگۆمان هەبووە." هەرچەندە ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا دیار نییە ئەم گفتوگۆیانە بەرەو چ ئەنجامێک دەڕۆن، بەڵام جەختی لەسەر پێویستیی گەیشتن بە رێککەوتن کردەوە.

سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی توندی ئاڕاستەی سەرکردایەتیی ئێران کرد و رایگەیاند: "بە ئێرانییەکانم گوتووە کە کاتی ئەوە هاتووە بە هەر جۆرێک بێت رێککەوتنێک بکەن. ئێوە 47 ساڵە بەم شێوەیە رەفتار دەکەن، چیتر رێگە نادرێت ئەم دۆخە بەردەوام بێت."

ئەم لێدوانانەی ترەمپ وەک وەڵامێک دێت بۆ راپۆرتەکانی ئاژانسی "تەسنیم" و میدیاکانی دیکەی ئێران کە رایانگەیاندبوو ئاڵوگۆڕی پەیام لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ چەند رۆژێکە وەستاوە.