وەزیری ناوخۆی تورکیا: ئاشتی، ئاسایش لاواز ناکات

وەزیری ناوخۆی تورکیا رایدەگەیەنێت، پڕۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" هەنگاوێکی مێژووییە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی و ئارامیی وڵات و جەخت لەوەش دەکاتەوە کە ئەم پڕۆسەیە بە مانای لاوازکردنی لایەنی ئەمنی نایەت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی ئایاری 2026، مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە گوتارێکدا رایگەیاند " ئێمە زیاتر لە 40 ساڵە شەڕ دژی ئەو رێکخراوانە دەکەین کە هەوڵی جوداخوازی دەدەن، بەڵام خەریکە ئەو رێکخراوانە خۆیان هەڵدەوەشێننەوە".

وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پڕۆسەیەی بە ناوی "تورکیای بێ تیرۆر" لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە دەستیپێکردووە، "کارێکی مێژووییە" و کارە لەپێشینەکەی دابینکردنی ئارامی و ئاسایشی گەلە.

چیفتچی گوتیشی "ئەم پڕۆسەیە گوزارشت لە ئەقڵی ستراتیژیی دەوڵەت دەکات. پڕۆسەی ئاشتی، هەرگیز بە واتای لاوازکردنی لایەنی ئەمنی نایەت، بەڵکو ئێمە رێگە بە هیچ هەوڵ و هەڕەشەیەک نادەین کە ئاسایشمان بکاتە ئامانج."

ئەم لێدوانانەی وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کاتێکدایە، کە لەم دواییانەدا باس لە دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لە تورکیا دەکرێت.