گرۆسی: بەشێکی زۆری چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران راگیراون
رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، نوێترین پێشهاتەکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و هێرشەکەی سەر وێستگەی بەڕاکەی ئیماراتی ئاشکرا کرد.
گرۆسی رایگەیاند، بەهۆی دۆخی جەنگی ئێستا و ئەوەی کە بەرنامە ئەتۆمییەکە بووەتە ئامانج، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هەڵسەنگاندنەکانیاندا بۆ چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران روویداوە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا "بەشێکی زۆری چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران راگیراون".
جەختی کردەوە، هیچ رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێراندا بەبێ چاودێرییەکی ورد و چڕی ئاژانسی ئەتۆم سەرناگرێت، چونکە تەنیا ئاژانسەکە دەتوانێت دڵنیایی بدات کە بنەما نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ دەکرێن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گرۆسی ستایشی کاردانەوەی خێرای دەوڵەتی ئیماراتی کرد لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو هێرشەی مانگی رابردوو بە درۆن کرایە سەر وێستگەی ئەتۆمی بەڕاکە.
گرۆسی دوای سەردانکردنی شوێنی وێستگەکە گوتی: "ئێمە نەک تەنیا پشتگیری مەعنەوی، بەڵکو پشتگیری تەکنیکی تەواو پێشکەش بە ئیمارات دەکەین بۆ تەواوکردنی کارەکانی چاککردنەوەی وێستگەکە."
پێشتر دەستەی فیدراڵی بۆ چاودێری ئەتۆمی لە ئیمارات رایگەیاندبوو، بەهۆی هێرشێکی درۆنەوە، ئاگر لە موەلیدەیەکی کارەبا لە دەرەوەی پەرژینی ناوخۆیی وێستگەی بەڕاکە لە ناوچەی زەفرە کەوتووەتەوە، بەڵام زیانەکان کۆنترۆڵ کراون.