تێلێگراف: ترەمپ داوای بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا دەکات بۆ لێدانی ئێران

رۆژنامەی تێلێگراف ئاشکرای دەکات, سەرۆکی ئەمریکا، لە یەکەم پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا، داوای بەردەوامبوونی مۆڵەتی بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی بەریتانیای کردووە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، کە ئەمەش سەرۆکوەزیرانی نوێ رووبەڕووی ناڕەزایەتی توند دەکاتەوە لە نێو پارتی کاردا.

سێشەممە 21ی تەممووزی 2026، بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی تێلێگرافی بەریتانی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە یەکەم پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەندی بێرنهام، سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا، داوای کردووە لەندەن بەردەوام بێت لە رێگەدان بە هێزەکانی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا، بە تایبەتی بنکەی فێرفۆرد لە گلۆستەرشایر و بنکەی دیێگۆ گارسیا لە زەریای هیندیدا، بە مەبەستی هێرشکردنە سەر ئێران.

پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ترەمپ و بێرنهام پاش ماوەیەکی کەم لە دەستبەکاربوونی فەرمیی سەرۆک وەزیرانی نوێ کرا، کە تێیدا باسیان لە پرسی بازرگانی، هاوپەیمانیی سەربازی، نەوتی دەریای باکوور و پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مین کرد. هەرچەندە لایەنەکان باسیان لە پرسی بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکان نەکرد، بەڵام تێلێگراف روونی دەکاتەوە ئەمە مەرجێکی بنەڕەتیی واشنتن بووە، بە تایبەت کە ترەمپ پێشتر نائومێدی خۆی لەو هاوپەیمانانەی ناتۆ دەربڕیبوو کە رێگەیان نەدابوو ئەمریکا بنکەکانیان بەکاربهێنێت.

پێشتر کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا، داواکارییەکی ئەمریکای بۆ بەکارهێنانی بنکەی دیێگۆ گارسیا دژی ئێران رەتکردەوە، ئەمەش تووڕەیی ترەمپی لێکەوتەوە و پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و لەندەنی ئاڵۆز کرد، هەرچەندە دواتر لەندەن رێگەی دا فڕۆکەکانی ئەمریکا لە بنکەی فێرفۆردەوە کاربکەن، بەڵام ئەم هەنگاوە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی دژە جەنگی لە بەریتانیادا لێکەوتەوە.

بڕیاری داهاتووی بێرنهام لەسەر ئەم پرسە رووبەڕووی کۆسپ دەبێتەوە، بە تایبەتی دوای دەستنیشانکردنی ئێد میڵیباند وەک وەزیری دەرەوەی نوێ، کە پێشتر یەکێک بووە لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی ستارمەر بۆ رەتکردنەوەی داواکارییەکەی ئەمریکا. جگە لەوەش، بەشێکی بەرچاو لە پەرلەمانتارانی پارتی کار رەخنەی توند لە جەنگی دژی ئێران دەگرن.

سەرەڕای بەڵێنەکانی بێرنهام بۆ پێشوازی لە سەردەمێکی نوێی هیوا لە بەریتانیا، بەڵام ناوبراو لە سیاسەتی دەرەوەیدا ئاماژەی بە بەردەوامبوونی هەمان سیاسەت داوە، لەوانە پشتگیریکردنی ئۆکرانیا، بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازییەکان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و زیادکردنی خەرجییە بەرگرییەکان، سەرەڕای بوونی تەنگژەی توندی بژێوی و کێشەی بێکاری لە بەریتانیادا.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) رایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەندی بێرنهام کردووە و تێیدا بەختێکی باش و سەرکەوتن خواستووە و گوتی: گفتوگۆیەکی باشم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا هەبوو، تاوتوێی چەندین بابەتمان کردووە، لەوانەش پەیوەندییە بەردەوامەکانی نێوان هەردوو وڵات، لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆدەبینەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسانەی جێی بایەخی هەردوولان."

لای خۆشیەوە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە بارەوە رایگەیاند، بێرنهام بە ترەمپی راگەیاندووە لەندەن پابەند دەبێت بە بەرگری و ئاسایش، هەروەها پشتیوانی لە دووبارە کردنەوەی بەسەلامەتیی گەرووی هورمز دەکات کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە داخراوە.

هەروەها پێگەی هەواڵی پۆلیتیکۆ بڵاوی کردەوە، ئەندی بێرنهام بانگێشتی ترەمپی بۆ مانچێستەر کردووە.