پاکستان هەوڵەکانی بۆ نێوەندگیریی تاران و واشنتن دەستپێدەکاتەوە
حکوومەتی پاکستان جووڵە دیپلۆماسییەکانی خۆی بۆ نێوەندگیری لە نێوان ئێران و ئەمریکادا دەستپێکردووەتەوە، ئەمەش بە ئامانجی رێگریکردن لە داڕمانی یەکجاریی ئەو لێکگەیشتنە کاتییەی مانگی رابردوو لە نێوان هەردوولادا واژۆ کرابوو.
رۆژی سێشەممە، 21ـی تەممووزی 2026، ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لە ئیسلام ئاباد دەستپێکرد؛ لە سەرەتادا لەگەڵ عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان کۆبووەوە و دواتریش چاوی بە شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کەوت، بە ئامانجی دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ زیندووکردنەوەی پرۆسەی دیپلۆماسی.
بە پێی زانیارییە بەدەستهاووەکان، تا ئێستا دەسەڵاتدارانی پاکستان وردەکاریی گفتوگۆیە داخراوەکانیان بڵاونەکردووەتەوە و روونیش نییە کە چ جۆرە لێکگەیشتنێکی نوێ پێشکەش کراوە بۆ راگرتنی جەنگ، یاخود ئایا ئامانجەکە تەنیا کارپێکردنەوەی رێککەوتنە کۆنەکەیە بە شێوازێکی هەموارکراو یان لێکگەیشتنێکی نوێ لە ئارادایە.
سەرکردایەتیی سیاسیی پاکستان و جەنەراڵ مونیر، کە سەرکردایەتیی سوپا و هێزەکانی بەرگریی ئەو وڵاتە دەکات، پێشتر رۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لەو نێوەندگیرییەی کە لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بووە هۆی واژۆکردنی یاداشتی لێکگەیشتن لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا. ئێستا ئیسلامئاباد کار دەکات بۆ قایلکردنی هەردوولا بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان بۆ چارەکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان.
لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" لە زاری دوو سەرچاوەی حکوومیی پاکستانەوە بڵاوی کردەوە، کە موئمینی داوای لە ئیسلامئاباد کردووە رۆڵی نێوەندگیری خۆی لە ململانێی نێوان تاران و واشنتندا دەستپێبکاتەوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، کە ئەم سەردانە، دووەم سەردانی وەزیری ناوخۆی ئێرانە بۆ پاکستان لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ 20ـی تەممووزی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، جەختی لەوە کردبووەوە، سەرەڕای پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و داڕمانی ئەو ڕێوشوێنانەی کە بڕیاربوو جەنگەکە راگرن، هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە رێگەی ئەو وڵاتانەی رۆڵی نێوەندگیری دەگێڕن، هێشتا بەردەوامن.
رێککەوتنە کاتییەکە کە مانگی رابردوو واژۆ کرا، بەهۆی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانەوە رووبەڕووی بەربەست بووەوە، هاوکات هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە. پرسی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لەم گەرووە ستراتیژییەدا وەک یەکێک لە سەرەکیترین کۆسپەکانی بەردەم جێگیرکردنەوەی رێککەوتنەکە ماوەتەوە.
بۆ هێشتنەوەی دەرگای دیپلۆماسی بە کراوەیی، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دوو رۆژ لەمەوبەر رایگەیاندبوو، واشنتن ئامادەیە بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران؛ بەڵام هەر دانوستانێک دەبێت "راستەقینە" بێت.
هەروەها ئاژانسی "رۆیتەرز" لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئێرانییەوە ئاماژەی بەوە کرد، کە نێوەندگیرەکان پێشنیارێکیان پێشکەش بە تاران کردووە بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆ ماوەی دە رۆژ، بە ئامانجی هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە کاتییەکە، بێ ئەوەی ناسنامەی نێوەندگیرەکان یان وردەکاریی گفتوگۆکان ئاشکرا بکات.
بەڵام رۆژنامەی "جیرۆزالیم پۆست" لە زاری دوو سەرچاوەی متمانەپێکراوەوە بڵاوی کردەوە، تاران خۆی دەستپێشخەریی ئاگربەستەکەی خستووەتە روو، پێش ئەوەی بەرپرسانی قەتەر، میسر، عومان و پاکستان بیگوازنەوە بۆ ئەمریکا و لە کاتی گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ هەردوولادا هەندێک خاڵی دیکەی بۆ زیاد بکەن.
بە گوێرەی ئەم رۆژنامەیە، واشنتن پێشنیازەکەی بە شێوازی ئێستای رەت کردووەتەوە و داوای ئاگربەستێکی درێژخایەنتری کردووە، هەروەها جەختی کردووەتەوە کە دەبێت پێش دەستپێکردنی هەر ئاگربەستێک، لانی کەم لێکگەیشتنی سەرەتایی لەسەر ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا بێتە ئاراوە و، وردەکارییەکانی دیکەش لە ماوەی ئاگربەستەکەدا یەکلایی بکرێنەوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەندێک لە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ دەستپێشخەرییەکەی ئێرانیان بە "بێهودە" و "نائەقڵانی" وەسف کردووە.
هەروەها رۆژنامەکە، لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردووەتەوە، ترەمپ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت "ئێران باجی" پێشێلکردنی یاداشتی لێکگەیشتنەکە و کوژرانی سەربازانی ئەمریکی بدات.
ئەو بەرپرسە گوتیشی: هێرشە سەربازییەکان بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی ترەمپ بڕیارێکی دیکە دەدات، بەڵام هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە کەناڵەکانی گفتوگۆ لە نێوان هەردوو وڵاتدا هێشتا بە کراوەیی ماونەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، رۆژی دووشەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیبووی: "هەر کاتێک ئێران سەربازێکی ئەمریکی بکوژێت، چەند هێندە باجەکەی دەداتەوە".