ئەمریکا کەشتییەکی پەکخست و ئێران وەڵامی دایەوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سەنتکۆم) رایگەیاند، دوێنێ سێشەممە مووشەکێکی هێڵفایەریان ئاراستەی ژووری بزوێنەری کەشتیی نەوتهەڵگری "M/T Lexie" کردووە و پەکخراوە. کەشتییەکە ئاڵای بۆتسوانای پێوە بووە و بە بەتاڵی بەرەو بەندەری دوورگەی خارکی ئێران دەڕۆیشت، ئەمەش بە واتای پێشێلکردنی ئەو گەمارۆیەی ئەمریکا بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە. سوپای ئەمریکا دەڵێت کەشتییەکە بۆ ماوەی 24 کاتژمێر هۆشدارییە بەردەوامەکانی فەرامۆش کردووە.
لە وەڵامدا ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند؛ وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکەی ئەمریکا، هێزە دەریاییەکانیان بە مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەک بە ناوی بانیا لە نزیک گەرووی هورمز. سوپای پاسداران هۆشداریی داوە، تێکدانی ئاسایشی گەرووی هورمز زیانی گەورە بە سوپای ئەمریکا دەگەیەنێت.
ئەمە 7ـەمین کەشتییە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە پەکدەخرێت لەوەتەی 13ـی نیسانەوە، وەک وەڵامێک بۆ داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، ئەمریکا گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئەو وڵاتە.
ئەمریکا تا ئێستا رێڕەوی 122 کەشتیی گۆڕیوە کە هەوڵیان داوە بچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لێی بچنە دەرەوە. پێشتریش لە مانگەکانی نیسان و ئایاردا، ئەمریکا چەندین کەشتی دیکەی ئێرانی و بیانی بەهۆی سەرپێچییەوە پەکخستووە.
لە کاتێکدا ئەمریکا و ئێران سەرقاڵی دانوستانن بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنی ئاگربەست و کردنەوەی گەرووی هورمز، بەڵام هەردوولا چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر یەکتری و گرژییەکان لە ناوچەکە بەردەوامن.