کوەیت گەشتە ئاسمانییەکانی راگرت
دەسەڵاتی گشتیی فڕۆکەوانی مەدەنی لە کوەیت، ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، باری نائاسایی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کوەیت راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی تێرمیناڵی سەرنشینانی (T1) لەلایەن ئێرانەوە بە درۆن و مووشەک کرایە ئامانج.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانی کوەیت ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکە زیانی ماددی گەورەی بە چەندین دامەزراوەی فڕۆکەخانەکە گەیاندووە، هاوکات ژمارەیەک برینداریشی لە هاووڵاتیان و سەرنشینان لێکەوتووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی بڕیاری دا بە هەڵپەساردنی تەواوی گەشتە ئاسمانییەکان و گۆڕینی ئاراستەی گەشتە هاتوەکان بۆ فڕۆکەخانە جێگرەوەکان تا کاتێکی نادیار، ئەمەش وەک رێکارێکی پارێزگاری بۆ پاراستنی گیانی سەرنشینان.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکایەتی ئەرکانی گشتیی سوپای کوەیت رایگەیاند، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیان بەرپەرچی چەند هێرشێکی دوژمنکارانەیان داوەتەوە کە بە مووشەک و درۆن ئاسمانی وڵاتەکەیان کردبووە ئامانج.
لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، سوپای کوەیت ئاماژەی کردووە، ئەو دەنگی تەقینەوانەی لە چەند ناوچەیەکی وڵاتەکە بیستراون، دەرەنجامی تێکشکاندنی ئامانجەکان بووە لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە. داواش لە هاووڵاتییان و نیشتەجێبووانی کوەیت کراوە پابەندی رێنماییە ئەمنییەکان بن و ئارامی خۆیان بپارێزن.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی حوزەیران، لای خۆیەوە سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، سەرەتای گرژییەکان لە درەنگانی شەوی رابردووەوە دەستی پێکردووە. لەو کاتەدا سوپای ئەمریکا بە مووشەکێکی ئاسمانی، کەشتییەکی نەوتی ئێرانی لە نزیک گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج و بەو هۆیەوە زیان بە ژووری بزووێنەری کەشتییەکە گەیشتووە.
لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە وەڵامی ئەمەدا، هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران بە مووشەکی دەریایی هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی بازرگانی بە ناوی (بانایا) کە بە ئیسرائیلی-ئەمریکی ناسێنراوە، ئەمەش بە بیانووی پێشێلکردنی یاساکانی هاتوچۆ لە گەرووی هورمزدا.
هەروەها سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای ئەوەی ئەمریکا لە هێرشێکی دیکەدا تاوەرێکی پەیوەندییەکانی ئەوانی لە باشووری دوورگەی "قشم" کردووەتە ئامانج، هێزە ئاسمانییەکانیان هێرشێکی بەرفراوانیان دەستپێکردووە، ئەم هێرشە بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەیەکی ئامادەکراوی فڕۆکە و هێلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا لە یەکێک لە وڵاتانی ناوچەکە کردووە، هاوکات بارەگای سەرەکیی فەرماندەیی گەشتی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکاش کراوەتە ئامانج.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، سوپای پاسداران جەختی کردووەتەوە، پێشتر هۆشدارییان دابوو وەڵامەکانیان توندتر دەبێت و هێرشەکانی ئەمڕۆش سەلمێنەری ئەو بەڵێنەن، هەروەها پەیامێکی توندی ئاڕاستەی واشنتن کردووە و رایگەیاندووە "تێکدانی ئاسایشی گەرووی هورمز، باجێکی یەکجار قورس بۆ سوپای ئەمریکا بەدوای خۆیدا دەهێنێت."