بەحرەین: سێ مووشەک و چەند درۆنێکی ئێرانیمان تێکشکاند
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی بەرگریی بەحرەین لەبارەی هێرشەکانی ئێران راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان توانیویەتی سێ مووشەک و چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان تێکبشکێنێت کە ئاڕاستەی پێگەی مەدەنی کرابوون.
لە رااگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کراوە، ئێران بەردەوامە لەسەر دوژمنکارییەکانی خۆی" لە رێگەی هێرشی مووشەکی و درۆنەوە بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکانی شانشینی بەحرەین، هاوکات ئەوەش خراوەتەڕوو، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی توانیویانە ئەو هێرشانە پووچەڵ بکەنەوە.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا، داوا لە سەرجەم هاووڵاتیان و نیشتەجێبووانی بەحرەین کراوە بەوپەڕی وشیارییەوە مامەڵە بکەن، هۆشداری دراوە، لەوەی بە هیچ شێوەیەک لەو تەنە نامۆ و گوماناویانە نزیک نەبنەوە کە لە پاشماوەی هێرشەکانی ئێرانەوە بەجێماون و داوا کراوە لە کاتی بینینی هەر تەنێکی لەو شێوەیەدا دەستبەجێ لایەنە پێوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.
فەرماندەیی گشتیی بەحرەین جەختی لەوە کردووەتەوە، بەئامانجگرتنی ناوچە مەدەنییەکان و موڵکوماڵی تایبەتی هاووڵاتیان، "پێشێلکارییەکی زەق و ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتیی مرۆییە"، هاوکات ستایشی ئەندازیارانی سەربازیی شاهانەی کردووە بۆ مامەڵەکردنی سەلامەت لەگەڵ پاشماوەی تەقەمەنییەکان بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتیان.