موحسین رەزایی: وەڵامی هەر دەستدرێژییەک زنجیرەیەک لە مووشەک و درۆن دەبێت

موحسین رەزایی، راوێژکاری رێبەری باڵای ئێران
موحسین رەزایی، راوێژکاری رێبەری باڵای ئێران

راوێژکاری رێبەری باڵای ئێران، هۆشداریی دەداتە ئەمریکا و رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی بەرپەرچی هەر جۆرە هێرشێک دەداتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، موحسین رەزایی، راوێژکاری رێبەری باڵای ئێران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی: "وەڵامی هەر مووشەک و دەستدرێژییەک، رێژنەیەک یاخود زنجیرەیەک لە مووشەک و درۆن دەبێت."

جەختیشی کردووەتەوە، "لە هیچ دانوستانێک و لە هیچ پڕۆسەیەکی ئاگربەستدا، رێگە بە زیادەڕەوییەکانی ئەمریکا نادەن". هەروەها ئاماژەی کردووە، "مێژوو ناگەڕێتەوە بۆ دواوە و هەر لایەنێک دەستدرێژی بکات، بە خێرایی سزا دەدرێت."

هەر ئەمڕۆ سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، سەرەتای گرژییەکان لە درەنگانی شەوی رابردووەوە دەستی پێکردووە. لەو کاتەدا سوپای ئەمریکا بە مووشەکێکی ئاسمانی، کەشتییەکی نەوتی ئێرانی لە نزیک گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج و بەو هۆیەوە زیان بە ژووری بزووێنەری کەشتییەکە گەیشتووە.

لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە وەڵامی ئەمەدا، هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران بە مووشەکی دەریایی هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی بازرگانی بە ناوی (بانایا) کە بە ئیسرائیلی-ئەمریکی ناسێنراوە، ئەمەش بە بیانووی پێشێلکردنی یاساکانی هاتوچۆ لە گەرووی هورمزدا.

هەروەها سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای ئەوەی ئەمریکا لە هێرشێکی دیکەدا تاوەرێکی پەیوەندییەکانی ئەوانی لە باشووری دوورگەی "قشم" کردووەتە ئامانج، هێزە ئاسمانییەکانیان هێرشێکی بەرفراوانیان دەستپێکردووە، ئەم هێرشە بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەیەکی ئامادەکراوی فڕۆکە و هێلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا لە یەکێک لە وڵاتانی ناوچەکە کردووە، هاوکات بارەگای سەرەکیی فەرماندەیی گەشتی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکاش کراوەتە ئامانج.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، سوپای پاسداران جەختی کردووەتەوە، پێشتر هۆشدارییان دابوو وەڵامەکانیان توندتر دەبێت و هێرشەکانی ئەمڕۆش سەلمێنەری ئەو بەڵێنەن، هەروەها پەیامێکی توندی ئاڕاستەی واشنتن کردووە و رایگەیاندووە "تێکدانی ئاسایشی گەرووی هورمز، باجێکی یەکجار قورس بۆ سوپای ئەمریکا بەدوای خۆیدا دەهێنێت."