وەزارەتی تەندروستی: یەکەمین حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە دهۆک دەستنیشانکرا
وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حاڵەتێکی تووشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە شاری دهۆک دەستنیشانکراوە کە پیاوێکی تەمەن 47 ساڵە و خەڵکی پارێزگای نەینەوایە.
رۆژی چوارشەممە 3ی حوزەیرانی 2026 وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، تووشبووەکە پیاوێکی دانیشتووی گوندی دووگرێیە لە ناحیەی سنونێی سەر بە قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەوا. ناوبراو دوای ئەوەی چەندینجار سەردانی نەخۆشخانەکانی کردووە، دواتر رووی لە شاری دهۆک کردووە و لەوێ لەلایەن تەندروستیی دهۆکەوە پشکنینی بۆ کراوە و تووشبوونی بە نەخۆشییەکە پشتڕاستکراوەتەوە.
وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو پیاوە پیشەی شوانە و بەرکەوتەی لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوو هەبووە. ئێستا تووشبووەکە لەژێر چاودێرییەکی تووندی پزیشکیدایە و چارەسەر وەردەگرێت، بەڵام باری تەندروستیی بە "ناجێگیر" وەسف کراوە.
وەزارەتەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و لە کاتی هەستکردن بە هەر نیشانەیەکی ناتەندروست یان بوونی گومان لەسەر ئاژەڵەکانیان، بە زووترین کات تیمەکانی ڤێتێرنەری و نەخۆشخانەکان ئاگاداربکەنەوە.
تاوەکو ئێستا ئەمە یەکەمین حاڵەتی پشتڕاستکراوەی تای خوێنبەربوونە کە لەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێت. پێشتر تەنیا یەک حاڵەت لە ناوەڕاستی عێراقەوە رووی لە شاری سلێمانی کردبوو بۆ چارەسەر، کە دواتر بە تەواوی چاکبووەوە و نەخۆشخانەی جێهێشت.