بانکی BBAC قەرز بە مووچەخۆرانی هەژماری من دەدات
بانکی بی بی ئەی سی، یەکێکە لە بانکە سەرەکییەکانی نێو پڕۆژەی هەژماری من و بڕیاریداوە خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بەو مووچەخۆرانەی نێو هەژماری من بکات کە لە بانکەکە تۆمارکراوان و حەوت مووچە بە قەرز دەداتە فەرمانبەران.
بەرپرسانی بی بی ئەی سی قسەیان بۆ کوردستان24 کردووە و دەڵێن: سەرەتا کورتە نامەیەک بۆ مووچەخۆرانی تۆمارکراو لەبانکەکەیان دەچێت، کە دەتوانن حەوت مووچە بەو قەرز لە بانکەکەیان وەربگرن، دوای هاتنی کورتە نامەکە بەشداربووان دەتوانن داواکاری بۆ وەرگرتنی ئەو قەرزە پێشکەشی بانکەکە بکەن.
سەبارەت بە رێژەی سوو، ئەو بەرپرسانەی بانکەکە گوتیان: رێژەی سوود لەسەر ئەو قەرزەی دەدرێت سەتا 5ـە و قەرزەکە بۆ ماوەی سێ ساڵە، واتا لەماوەی سێ ساڵ دەبێ قەرزەکە بدەیەوە. مەرجی وەرگرتنی قەرزەکە چیە؟ بەرپرسانی بانکەکە دەڵێن: ئەو مووچەخۆرەی کە دەیەوێت قەرز بکات دەبێت مووچەکەی لە 700 هەزار دینار کەمتر نەبێت.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 13 هەزار مووچەخۆری تۆمارکراو لە هەژماری من لە بانکەکە تۆمارکراون و دەتوانێت تاوەکو 20 هەزار فەرمانبەر لەخۆ بگرێت.
ئێستا زۆربەی بانکەکانی نێو پڕۆژەی هەژماری من ئۆفەری پێدانی قەرز بە مووچەخۆرانی تۆمارکراو لە پڕۆژەکە پێشکەش دەکەن و رۆژ دوای رۆژیش خزمەتگوزاری زیاتری بانکەکان پێشکەش بە بەشداربووان دەکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 800 هەزار مووچەخۆر لە رێگەی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن.