تورکیا و سعوودیە کار بۆ پڕۆژەی جێگرەوەی گەرووی هورمز دەکەن

وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی لەگەڵ عەرەبستانی سعوودیە لە پەیوەندیدایە بۆ کاراکردنەوەی هێڵی ئاسنی مێژوویی حیجاز و گەیاندنی بە شانشینی عومان.

چوارشەممە 3ـی ئایاری 2026، عەبدولقادر ئۆرال ئۆغڵو وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا رایگەیاند، تورکیا دیدگایەکی هەیە بۆ زیندووکردنەوەی هێڵی ئاسنی حیجاز وەک هێڵێکی مۆدێرن کە لە یەک کاتدا بۆ مەبەستی گەشتیاری و گواستنەوە بەکاربهێنرێت.

وەزیری گواستنەوە ئاماژەی بە ئەگەری دووبارە کاراکردنەوەی ئەو بەشەی هێڵەکە کرد کە لە نێوان دیمەشقی پایتەختی سووریا و عەممانی پایتەختی ئوردن دایە، هاوکات گوتیشی: "لە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی هێڵی ئاسنی حیجازی نوێدا، هێڵێک لە تورکیاوە بۆ حەلەب دەبەستینەوە، لە کاتێکدا هێڵی حەلەب-دیمەشق-ئوردن لە ئێستادا ئامادەیە".

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، گفتوگۆکانیان لەگەڵ لایەنی سعوودی بەردەوامە و ئامانجی کۆتاییان درێژکردنەوەی ئەم هێڵەیە تاوەکو شانشینی عومان و بەستنەوەی بە زەریاوە، ئەمەش بە مەبەستی دۆزینەوەی جێگرەوەیەکی ستراتیژی بۆ گەرووی هورمز.

ئەم هەوڵەی تورکیا و ئەنقەرە لە کاتێکدایە، گرژییەکان لە گەرووی هورمز تا دێت زیاتر پەرەدەسێنن، هاوکات گەمارۆیی دەریایی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران و داخستنی گەرووەکە لە لایەن تارانەوە گواستنەوەی وزە و کاڵا و کەل وپەلی پەکخستووە، هاوکات بەهۆیەوە نرخ لە بازاڕە جیهانییەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.