دانا تەقێدین: بەبێ دادگای تەمیز دەرکردنی هەر بڕیارێک پووچەڵە
ئەندامێکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی هۆشداری دەدەن لەوەی کە بەپێی یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سزایی عێراقی، دادگای تاوانەکان بۆی نییە هیچ حوکمێک دەربکات کاتێک دۆسیەکە لەبەردەستی دادگای پێداچوونەوەدایە. ئەو ئەندامەی تیمی یاساییەکە ئەم هەنگاوە بە "بەربەست دروستکردن لەبەردەم دادپەروەری" ناودەبەن و جەخت دەکەنەوە کە هەر بڕیارێک لەو ماوەیەدا دەربچێت، لە ڕووی یاساییەوە هیچ بەهایەکی نییە.
چوارشەممە 3ـی حوزەیرانی 2026، دانا تەقێدین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی، لە ڕوونکردنەوەیەکی یاساییدا چەند خاڵێکی جەوهەریی سەبارەت بە ڕێڕەوی یاسایی دۆسیەکان بۆ کوردستان24 خستەڕوو و ئاماژە بەوە کرد، بەپێی یاسای ژمارە 23ـی ساڵی 1971، کاتێک دادگای پێداچوونەوە (تەمیز) داوای دۆسیەیەک دەکات، دادگای تاوانەکان دەسەڵاتی دادوەریی (ولایة القضائیة) لەسەر ئەو کەیسە نامێنێت و دەبێت دەستبەجێ هەموو ڕێکارەکان ڕابگرێت.
بە گوتەی ئەندامی تیمی یاسایی لاهور شێخ جەنگی، دەرکردنی هەر بڕیارێک لە غیابی دۆسیەکەدا نەک هەر لادانە لە بنەماکانی سیستەمی دادوەری، بەڵکو "پێشێلکردنی دەقی مافی بەرگریی تۆمەتبارە". جەختیش دەکەنەوە کە هەر حوکمێک لەو بارودۆخەدا دەربچێت بە "پووچەڵ" هەژمار دەکرێت.
ئاشکراشی کرد لە ئەگەری نەناردنی دۆسیەکە لەلایەن دادگای تاوانەکانەوە بۆ دادگای پێداچوونەوە، ئەوان پەنا بۆ ڕێکاری توند دەبەن، لەوانە:
1- پێشکەشکردنی داواکاریی فەرمی بۆ سەرۆکی دادگای پێداچوونەوە تاوەکو بڕیارێکی "توند و بەپەلە" بۆ هێنان و گواستنەوەی دۆسیەکە دەربکات.
2- تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە "دەستەی چاودێریی دادوەری" دژ بە هەر دادوەر یان فەرمانبەرێک کە کەمتەرخەم بێت دەکات، بە تۆمەتی "بەربەست دروستکردن لەبەردەم دادپەروەری" .
دانا تەقێدین دووپاتیان کردەوە، دادگای پێداچوونەوە دەسەڵاتی تەواوی هەیە دادگای خوارەوە ناچار بە جێبەجێکردنی یاسا بکات، و ئەوان وەک تیمێکی یاسایی سڵ لە گرتنەبەری ڕێکاری سزایی و کارگێڕی بەرانبەر هەر لایەنێک ناکەنەوە کە ببێتە هۆی پەکخستنی ڕێڕەوی یاسایی دۆسیەکان.
دوێنێ سێشەممە، دانا تەقیەددین، بە ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاندبوو، 19ـی مانگی پێنج دادگای تەمیز داوای رەوانەکردنی دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار دەکات، بەڵام دادگای تاوانەکان دۆسیەکەی نەناردووە، بۆیە ئێمەش سکاڵامان لە داگای تێهەڵچوونەوە سلێمانی تۆمارکردووە، کە بەپێی یاسا دەبێ دۆسیەی لاهوری شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار رەوانەی دادگای تەمیز بکرێت، چەنکە دادگای تەمیز خۆی داوای رەوانەکردنی ئەو دۆسیەیە دەکات و دادگای تاوانەکان بۆی نیە ئەو دۆسیەیە رەوانە نەکات.
سەبارەت بە بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا، دانا تەقیەددین روونیکردبووەوە، رۆژی چوارشەممە، 03ـی حوزەیرانی 2026، دانیشتنی دادگا بەڕێوەناچێت، چونکە ئێمە سکاڵامان لە دادگا تێهەڵچوونەوە تۆمار کردووە، بۆیە تا یەکلاییکردنەوەی ئەم سکاڵایە دادگاییکردنەکە بەڕێوە ناچێت.
شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا.
لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.