هەولێر.. دیداری 101 ساڵەی غونچەی بەهارستان بەڕێوەچوو
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی چالاکی و وێژەیی و سەنتەرەکان، دیداری 101 ساڵەی "غونچەی بەهارستان"ی حوزنی موکریانی، لە هەولێر لە هۆتێل دێدەمان بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، گۆران حوسێن، بەڕێوەبەری چالاکییە وێژەییەکان بە کوردستان24ـی گوت، "101ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەرچوونی چاپکردن و بڵاوکردنەوەی یەکەم پەرتووکی کوردی، دەربارەی مێژوو و جوگرافیای کوردستان بە تایپ و پیتی کوردی، کە ئەوە یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانە، بەر لەو پەرتووکی تر چاپ کراوە، بەڵام لە بواری ئەدەبی بووە، بواری مێژوو ئەوە یەکەم کتێبە بە پیت و ڕێنووسی کوردی بەتەواوەتی چاپ کرابێت."
گۆران حوسێن گوتیشی،" غونچەی بەهارستان، لە ساڵی 1925 لە شاری حەلەب چاپ کرا و بە یەکەم کتێبی کوردی لە بواری مێژوو و جوگرافیای کوردستان دادەنرێت کە بە تەواوی بە پیتی کوردی چاپ کراوە. ئەگەرچی پێش ئەوەش کتێبگەلێکی کوردی چاپ کرابوون، ، بەڵام زۆربەیان لە بواری ئەدەب و هۆنراوەدا بوون."
گۆران حوسێن باس لە گرنگی ناوەڕۆکی کتێبەکە دەکات و دەڵێت، "ناوەڕۆکی کتێبەکە باس لە ناسنامەی نەتەوەیی کورد، تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، هەروەها جوگرافیا و مێژووی کوردستان دەکات. هەر بۆیە لەو سەردەمەدا گرنگییەکی زۆری هەبوو و دواتر لە تورکیا تووشی قەدەغە و سنووردارکردن هات، تا ڕادەی ئەوەی لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە و قەدەغەکردنی پێکهات."
غونچەی بەهارستان، ناوی یەکەم کتێبی مێژوویی سەربەخۆی کورد و کوردستانە کە بە زمانی کوردی نووسراوە. ئەم کتێبە لەلایەن حوزنی موکریانی نووسراوە و لە ساڵی 1925 بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکە گرنگییەکی زۆری لە مێژوونووسی کوردی هەیە، چونکە یەکێک بوو لە یەکەم هەوڵەکان بۆ نووسینەوەی مێژووی کورد و کوردستان بە زمانی کوردی لە دیدگایەکی نەتەوەیی دا.