سعوودیە: 12 کەس لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی شا خالید گیانیان لەدەستدا

دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودیە رایگەیاند: لە ئەنجامی هێرشی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە شاری ریاز، 12 کەس لە نەتەوە جیاوازەکان، لە نێویاندا هاووڵاتییەکی ئەمریکی، گیانیان لەدەستداوە و 309 کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودیە، لە راگەیەنەراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: ئەو پەلامارە دڕندانەیەی پاشنیوەڕۆی دوێنێ کە کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریازی پایتەخت، بووە هۆی گیانلەدەستدانی 12 کەس و برینداربوونی 309 کەسی دیکە.

بە پێی راگەیەنەراوەکە، لە نێو ئەو  12 کەسەی گیانیان لەدەستداوە، چواریان هاووڵاتیی سعوودیین و هەشتی دیکەیان دانیشتووی بیانیی ئەو وڵاتەن لەم نەتەوانە: (دوو هاووڵاتیی بەنگلادیشی، یەک هاووڵاتیی ئەمریکی، یەک میسری، یەک ئوردنی، یەک سووری، یەک فەڵەستینی و یەک هاووڵاتیی سوودانی).

دەستەکە گوتیشی: ٣٠٩ کەسی دیکە لە هێرشەکەدا بریندار بوون و لە چەند نەخۆشخانەیەکی جیاوازدا چارەسەری پزیشکیی پێویستیان پێشکەش دەکرێت، لە کاتێکدا برینی بەشێکیان سەختە؛ هاوکات هێرشەکە زیانی ماددیی بەرچاوی لێکەوتووەتەوە ئێستا کار بۆ خەمڵاندنی قەبارەی زیانەکان دەکرێت.

دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودیە, جەختی کردەوە کە ئەم پەلامارە لە چوارچێوەی بەردەوامیی هێرشە ئاشکرا و ناڕەواکاندایە کە دامەزراوە و فڕۆکەخانە مەدەنییەکانی  سعوودیە دەکەنە ئامانج.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، تەواوی جووڵە و گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید بە شێوەیەکی کاتی راگیراون، تا ئەوکاتەی پرۆسەی هەڵسەنگاندنی زیانەکان تەواو دەبێت و لە سەلامەتیی تەواوەتیی سەرجەم بەش و هۆڵەکانی فڕۆکەخانەکە دڵنیا دەبنەوە.