هەولێر.. فیلمی سینەمایی "رەها" نمایشکرا

بەڕێوەبەرایەتیی سینەمای هەولێر، لە چوارچێوەی پرۆژەی سینەما و جەماوەر دا، فیلمی سینەمایی "رەها"، لە ئێمپایەر سینەما لە هەولێر نمایشکرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، شاخەوان مستەفا، بەڕێوەبەری سینەما و شانۆی هەولێر بە کوردستان24ی گوت، "فیلمەکە فارسییە و بە دۆبلاژی کوردی پیشان درا. ماوەی فیلمەکە نزیکەی 120 خولەکە. فیلمی "رەها" بابەتێکی کۆمەڵایەتییە کە لەلایەن دەرهێنەری ئێرانی سەید حسام فەرهەمەند دروست کراوە. چیرۆکی فیلمەکە دەگەڕێتەوە بۆ ژیانێکی خێزانی کە لەگەڵ کێشە و فشارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان دەجەنگێت."

شاخەوان مستەفا گوتیشی، "فیلمەکە باس لە ژیانی کچێکی گەنج دەکات بە ناوی رەها، کە خێزانەکەی لە دۆخێکی ئاڵۆزدا دەژین و رووداوێکی چاوەڕواننەکراو ژیانیان دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورە. ناوەڕۆکی فیلمەکە گرنگی بە پەیوەندییە خێزانییەکان، بەرپرسیارێتی، خۆڕاگری و ململانێی نێوان هیوای تاک و دژوارییەکانی ژیان دەدات."

بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر باس لە گرنگی نمایشکردنی ئەو جۆرە فیلمانە دەکات و دەڵێت، "ئێمە وەکو سینەمای هەولێر هەموو هەفتەیەک فیلم نمایش دەکەین، چونکە بە باشی دەزانین ئەو جۆرە فیلمانە هەبێت، ئێمە دەرگامان بۆ هەموو چین و توێژێک کراوەیە، جا کورد بێت یان لە نەتەوەیەکی تر بێت، چونکە پەیامی کوردستان پەیامێکی پێکەوە ژیانییە، بۆیە هەموو پێکهاتەکان کە هونەرمەندن، بۆیان هەیە ئەگەر پڕۆژەی هونەرییان هەبێت بەتایبەت لە بواری فیلم، ئێمە دەتوانین دەرگایان بۆ بکەینەوە و خزمەتیان بکەین وەک چۆن خزمەتی هەر تاکێکی تر دەکەین."

بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر، لە چوارچێوەی پڕۆژەی "سینەما و جەماوەر"، هەموو چوارشەممەیەک کاتژمێر 6ی ئێوارە، بێبەرانبەر فیلمی سینەمایی لە هەولێر لە ئێمپایەر سینەما، نمایش دەکات.