پسپۆرێکی کەشناسی: هەرێمی کوردستان هاوینێکی گەرمی لە پێشە

پڕۆفیسۆر سلێمان عەبدوڵڵا، شارەزا لە بواری کەشوهەوا و جوگرافیاناسی دەڵێت؛ سەرەڕای پڕ بارانی و بەفری هەردوو وەرزی زستان و بەهار، بەڵام هەرێمی کوردستان هاوینێکی گەرمی لە پێشە.


چوارشەممە 3ـی ئایاری 2026، پڕۆفیسۆر سلێمان عەبدوڵڵا، شارەزا لە بواری کەشوهەوا و جوگرافیاناسی، ئەمڕۆ چوارشەممە 3ـی ئایاری 2026، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی" بارانی زۆری زستان و بەهاری 2026 کە پێنج مانگ بەردەوام بوو، نابێتە هۆی فێنکبوونی هاوین، ئەمەش بۆ گۆڕانکارییە جیهانییەکانی ئاووهەوا و دیاردەی (ئێلینۆ) دەگەڕێتەوە.


لە بارەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، سلێمان عەبدوڵڵا گوتی "پێشبینی دەکرێت لە مانگی حوزەیرانەوە تا تشرینی دووەم، چەندین شەپۆلی گەرما روو لە هەرێم بکەن، کە هەر یەکێک لە شەپۆلەکان 3 تا 5 رۆژ دەخایەنن؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، پلەی گەرما لە ناو شارەکاندا بەراورد بە دەوروبەر بەرزتر دەبێت، هەرچەندە کوژانەوەی مۆلیدەی گەڕەکەکان تا رادەیەک کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر کەمکردنەوەی گەرمای شارەکان دەبێت".


لەبارەی بەرزترین پلەکانی گەرما، ئەوەی رایگەیاند، دەڤەری گەرمیان و پارێزگای کەرکووک هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، لە گەرمترین ناوچەکان دەبن و پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما لەو شوێنانە بگاتە سەرووی 50 پلەی سیلیزی، لە بەرانبەردا، ناوچە شاخاوییەکان (کوێستانەکان) بەهۆی بەرزیان لە ئاستی دەریا، بە فێکترین ناوچە دەمێننەوە.


سەبارەت بە ئامارەکانی بارانبارین، ئەم شارەزایە جەختی لەوە کردەوە، ئەمساڵ ساڵێکی "تەڕ و نموونەیی" بووە، بە جۆرێک لە هەندێک وێستگە بڕی دابارین گەیشتووەتە سەرووی 1000 ملم، هاوکات ئەم دۆخە هاوشێوەی ساڵە باراناوییە مێژووییەکانی وەک 1954، 1988 و 2018 و 2019 بووە، جەختی لەوەشکردەوە، ئەم رێژە زۆرەی دابارین رەنگدانەوەی ئەرێنی گەورەی لەسەر پڕبوونی بەنداوەکان، بوژانەوەی ئاوی ژێر زەوی و کەرتی کشتوکاڵی هاوینە هەبووە، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لە ناوچەکەدا.