ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەسەڵاتی ترەمپی سنووردار کرد
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، بڕیارێکی نوێی بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەسەند کرد، بە مەبەستی رێگریکردن لە بەردەوامبوونی ململانێ سەربازییەکان دژی ئێران بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس.
بڕیارەکە بە زۆرینەی 215 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 208 دەنگی نەخێر پەسەند کرا. ئەوەی جێی سەرنجی ناوەندە سیاسییەکان بوو، چوار پەرلەمانتار لە پارتی کۆماری پارتەکەی ترەمپ دەنگیان لەگەڵ دیموکراتەکان دا، ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ بوونی نیگەرانی لە ناو هەردوو پارتە سەرەکییەکەی ئەمریکا سەبارەت بە پەرەسەندنی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینرێت.
بەگوێرەی ئەم بڕیارە، دەبێت سەرۆک ترەمپ کۆتایی بە بەکارهێنانی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا بهێنێت لە هەر کردەوەیەکی سەربازی لە ناوخۆی ئێران، مەگەر لە دوو حاڵەتدا؛
1-کۆنگرێسی ئەمریکا بە فەرمی بڕیاری راگەیاندنی جەنگ بدات.
2- رەزامەندییەکی یاسایی تایبەت بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی دەربکرێت.
دیموکراتەکان جەخت دەکەنەوە، بەگوێرەی دەستووری ئەمریکا، دەسەڵاتی راگەیاندنی جەنگ تەنیا لای کۆنگرێسە. هەروەها ئاماژە بە لێکەوتە خراپە ئابوورییەکانی ئەم جەنگە دەکەن کە سێ مانگە بەردەوامە، بەتایبەت بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و خۆراک لە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی 28ـی شوبات بۆ سەر ئێران.
لە بەرامبەردا، ئیدارەی ترەمپ بەرگریی لە هێرشەکان دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەم هەنگاوانە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و رێگریکردنە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.