سەرۆکی سندوقی وەبەرهێنانی رووسیا: ئەوروپا 3 تریلیۆن یۆرۆ زیانی بەرکەوتووە
سەرۆکی سندوقی وەبەرهێنانی راستەوخۆی رووسیا رایگەیاند؛ وڵاتانی ئەوروپی بەهۆی رەتکردنەوەی وزەی رووسیا نزیکەی 3 تریلیۆن یۆرۆ زیانیان بەرکەوتووە.
کێریل دمیتریێڤ، سەرۆکی سندوقی وەبەرهێنانی راستەوخۆی رووسیا، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی نێودەوڵەتی سان پترسبۆرگ ئاماژەی بەوە کرد، ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا درک بەوە دەکەن کە بەهۆی بڕیاری رەتکردنەوەی وزەی رووسیاوە زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە، کە ئەمەش ئابوورییەکانیان بەرەو داڕمان دەبات.
روونیکردەوە، ئەوروپا خەریکە تێدەگات قەیرانی وزە و ئەو تەنگژە ئابوورییەی رووی لێکردوون، دەرەنجامی رەتکردنەوەی هاوردەکردنی سەرچاوە هایدرۆکاربۆنییەکانی رووسیایە.
دمیتریێڤ، ئەڵمانیای وەک نموونە هێنایەوە و گوتی: "پێشتر هەناردەی رووسیا 55%ی کۆی گازی ئەو وڵاتەی پێکدەهێنا، بەڵام ئێستا ئەڵمانیا شایەتی پاشەکشە لە کەرتی پیشەسازی و داخستنی چەندین کۆمپانیا دەبێت."
شاری سان پترسبۆرگی رووسیا لە نێوان 3 بۆ6ـی حوزەیرانی 2026، میوانداری کارەکانی کۆڕبەندی ئابووریی نێودەوڵەتی سان پترسبۆرگ دەکات، کە یەکێکە لە گەورەترین چالاکییە ئابوورییەکانی جیهان و نوێنەرانی زیاتر لە 130 وڵات تێیدا بەشدارن.