موجتەبا خامنەیی: ئامانجی ئەمریکا و ئیسرائیل دروستکردنی دووبەرەکییە لە ئێران

مەجتەبا خامەنەیی لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، جەخت لەسەر پاراستنی یەکڕیزی و هوشیاری بەرامبەر پلانەکانی دوژمن کرایەوە و راگەیەندرا، نەیارانی ئێران لە رێگەی "شەڕی تێکەڵاو"ەوە هەوڵی دروستکردنی گومان، نائومێدی و دووبەرەکی لەناو خەڵک و بەرپرساندا دەدەن.

رۆژی پێنجشەممە 4ی حوزەیرانی 2026، موجتەبا خامەنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لە پەیامێکدا کە بەبۆنەی 37ەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ئایەتوڵڵا خومەینی رایگەیاند،  خومەینی و "رێبەری شەهید" عەلی خامنەیی، گەنجینەیەکی بێهاوتایە و چرای رێگەی داهاتووی ئێرانە.

لە بەشێکی پەیامەکەدا هۆشداری دراوەتە هاووڵاتییان و بەرپرسان کە دوژمن دوای شکستی سەربازی و رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ، ئێستا رووی لە "شەڕی تێکەڵاو" کردووە. لەم جۆرە شەڕەدا دوژمن دوو ئامانجی سەرەکی دەپێکێت: یەکەم، تاقیکردنەوەی توانای بەرگەی گرتنی خەڵک، دووەم، دروستکردنی هەڵە لە دەزگای حیساباتی بەرپرسانی وڵاتدا. ئامرازی سەرەکیش بۆ ئەم کارە، چاندنی تۆوی گومان، نائومێدی، ترس و دووبەرەکییە.

موجتەبا خامنەیی لە پەیامەکە جەخت دەکاتەوە کە پێویستە هەمووان بە یەکڕیزی، پلانی دوژمن پووچەڵ بکەنەوە. داواش لە بەرپرسان کراوە پاڵپشتیی خەڵک بکەن و دووربکەونەوە لە هەر کارێک کە ببێتە هۆی سەرخوێنبەربوون و بێزاری هاووڵاتییان، چونکە هەر نائومێدییەک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی دوژمن دەگەیەنێت.

لە پەیامەکەدا هاتووە، سیستەمی سوڵتە و لە سەروویانەوە ئەمریکا، کێشەیان لەگەڵ شوناس و سەربەخۆیی ئێراندا هەیە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە بوونی ئێرانێکی بەهێز و سەربەخۆ، رێگرە لەبەردەم پڕۆژەکانی "ئیسرائیلی گەورە".

لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە، ئێستا دەرفەتێکی نوێ بۆ ناساندنی جیهانیی قوتابخانەی خومەینی و خامنەیی وەک رێبەرانی سەرکەوتووی شۆڕش رەخساوە، ئەمەش ئەرکێکی گەورەیە لەسەر شانی گەنجان و بلیمەتان و ئەهلی فیکر، تاوەکو بە پشتبەستن بە بەڵێنە خوداییەکان، داهاتوویەکی گەش بۆ ئێران بنیاد بنێن.