لە باشووری لوبنان سەربازێکی یونیفێڵ کوژرا

هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (یونیفێڵ)، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2026، رایانگەیاند؛ بەهۆی تۆپبارانکردنی پێگەیەکیان لە باشووری ئەو وڵاتە، سەربازێکیان گیانی لەدەستداوە و دوو سەربازی دیکەش بریندار بوون.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی یونیفێڵ، رووداوەکە شەوی رابردوو لە نزیک ناوچەی مەرجەعیون لە باشووری رۆژهەڵاتی لوبنان روویداوە. سەربازە کوژراوەکە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە بە فڕۆکە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە بەیرووت، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستداوە. ئەو دوو سەربازەی دیکەش کە بریندارن، ئێستا لە بنکەیەکی پزیشکیی سەر بە یۆنیفێڵ چارەسەر وەردەگرن.

یونیفێڵ ئاماژەی بەوە کردووە، لێکۆڵینەوەیەکی وردیان بۆ زانینی هۆکاری تۆپبارانەکە دەستپێکردووە. هەروەها داوایان لە هەموو لایەنە شەڕکەرەکان کردووە، پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بن و گیانی کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان نەخەنە مەترسییەوە.

لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل هۆشداریی نوێی دایە هاووڵاتیانی لوبنان و داوای لێکردن تا کاتێکی نادیار نەچنە ناوچەکانی باشووری رووباری زەهرانی. سوپای ئیسرائیل دەڵێت: شەڕ لە دژی حزبوڵڵا بەردەوامە و ئەوان ناچارن هێز بەکاربهێنن چونکە حزبوڵڵا رێککەوتنی ئاگرربەستی پێشێل کردووە.

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیاند و ئاشکرای کرد، ئیسرائیل و لوبنان رێککەوتوون لە 22ـی ئەم مانگەدا گفتوگۆکانیان دەست پێ بکەنەوە. ئامانج لەم گفتوگۆیانە گەیشتنە بە رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکانی نێوان هەردوولا.

شەڕ و پێکدادانەکان لە باشووری لوبنان لە مانگی ئاداری رابردووەوە زیادیان کردووە، سەرەڕای ئەوەی لە مانگەکانی نیسان و ئایاردا چەند هەوڵێک بۆ راگرتنی شەڕ هەبوو، بەڵام توندوتیژییەکان بەردەوامن. ئێران لای خۆیەوە دەڵێت: تەنیا لە کاتێکدا رازی دەبێت بە رێککەوتنی کۆتایی کە ئاگربەستەکە لوبنانیش بگرێتەوە.