هونەرمەندێکی کورد دەنگی "دیزی" چینی بە رۆحی موزیکی  کوردی دەبەخشێت

نێرگز عەزیز، خانمە موزیکژەنی کورد، ئامێری باژەنی کۆنی چینی "دیزی" هەڵبژاردووە و بە شێوازێکی تایبەتی دەیژەنێت و تێکەڵ بە رۆحی موزیکی کوردی دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ی حوزەیرانی 2026، نێرگز عەزیز، خانمە موزیکژەنی کورد بە کوردستان24ی گوت، "ئامێری باژەنی دیزی "笛子"،  یەکێکە لە گرنگترین و کۆنترین ئامێرە مۆسیقییە نەریتییەکانی چین و مێژوویەکی زیاتر لە 2000 ساڵی هەیە. دیزی لە شارستانیەتی چین بە بەشێکی گرنگ لە میراتی کولتووری ئەو وڵاتە دادەنرێت و تا ئێستا پارێزراوە و بەکاردێت."

نێرگز عەزیز گوتیشی، "ئەم ئامێرە بە زۆری لە داری بامبۆ دروست دەکرێت و جیاوازییە سەرەکییەکەی لەگەڵ زۆربەی ئامێرە باژەنییەکانی دیکە ئەوەیە کە پەردەیەکی ناسکی تایبەتی پێوەیە کە "دیمۆ"ی پێ دەگوترێت. ئەم پەردەیە دەنگێکی ناسک، روون و تایبەتی بە دیزی دەبەخشێت و هۆکاری ناسراوی دەنگی ئەم ئامێرەیە."

ئەو خانمە موزیکژەنە باس لە گرنگی ژەنینی ئەو ئامێرە مێژووییە دەکات و دەڵێت، "لە درێژایی مێژووی چین، دیزی لە ژیانی کۆمەڵایەتی، ئایینی و هونەریدا شوێنێکی گرنگی هەبووە. لە کۆشکەکانی شاهان، لە جەژن و بۆنە گەورەکان، لە شانۆ و چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان و هەروەها لە مۆسیقای نیشتیمانی چین بەردەوام بەکارهاتووە. بۆیە ئەم ئامێرە تا ئێستا وەک یەکێک لە هێماکانی ناسنامەی موزیکی و کولتووری چین دەناسرێت."

نێرگز عەزیز ئاماژەی بەوەش دا، "دیزی هەروەها لە مۆسیقای کلاسیکی چین، فۆلکلۆری و تەنانەت لە فیلم، دراما و بەرهەمە هاوچەرخەکانیشدا ئامادەیی هەیە. دەنگە ناسک و بەسۆزەکەی وای کردووە ببێتە یەکێک لە ناسراوترين ئامێرە مۆسیقییەکانی رۆژهەڵاتی ئاسیا."

ئەو خانمە موزیکژەنە باس لە تێکەڵکردنی ئەو ئامێرە چینییە بە رۆحی موزیکی کوردی دەکات و دەڵێت، "هەوڵمداوە پەیوەندییەکی جوان لەنێوان دوو کولتووری کوردی و چینی دروست بکەم. بە تێکەڵکردنی رۆحی ئاوازی کوردی لەگەڵ دەنگی تایبەتی دیزی، ئەزموونێکی جیاوازم پێشکەش کردووە کە نیشاندەری توانای هونەرە بۆ نزیککردنەوەی گەلان و کولتوورە جیاوازەکان بە زمانی جیهانیی موزیک."

نێرگز عەزیز، خانمە موزیکژەنی کورد، خەڵکی سلێمانییە و دانیشتووی ئەوروپایە، پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانیی تەواو کردووە، ئێستا لێکۆڵینەوە لە مێژووی ئامێرەکانی موزیک لە کولتوورە جیاوازەکاندا دەکات.