رێکخراوی قەدەخەی چەکی کیمیایی: سووریا 34 سندوق بەڵگەنامەی پێشکەش کردووین
رێکخراوی قەدەخەی چەکی کیمیاویی ئاشکرای دەکات: دەسەڵاتدارانی سووریا 34 سندووقی پڕ بەڵگەنامەیان پێشکەشکردوون لەبارەی بەکارهێنانی ئەو چەکە لەسەردەمی رژێمی پێشوو.
رێکخراوی قەدەخەی چەکی کیمیاوی لە جیهاندا خۆشحاڵی خۆی لەبارەی هاوکارییەکانی دەسەڵاتدارانی سووریا لەگەڵ رێکخراوەکە لەبارەی لێکۆڵینەوە لەبەکارهێنانی ئەو چەکە لە سووریا نیشاندا و رایگەیاند، لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەدەوە دەسەڵاتدارانی دیمەشق 34 سندووقی پڕ لە بەڵگە و کەرەستەیان رادەستی رێکخراوی قەدەخەی چەکی کیمیاوی کردووە، بەڵگەکان ئەوە دەسەلمێنن کە چۆن چەکی کیمیاوی لەسەردەمی رژێمی ئەسەد لەناوچە جیاوازەکانی سووریا بەکارهاتووە.
لەو بارەیەوە ئیزۆمۆی ناکامیستۆ، بریکاری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری داماڵینی چەک گووتی: سووریا هەماهەنگی زۆر باشی هەیە لەبواری رادەستکردنی بەڵگەکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە وڵاتەکەدا، نەتەوەیەکگرتووەکان لێکۆڵینەوە لەو بەڵگانە دەکات و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن.