گوتەبێژی حکوومەتی عێراق: مووچەی فەرمانبەران دابینکراوە و پارێزراوە
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی عێراقییە رایگەیاند، حکوومەتەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران، کارنامەیەکی پێشکەش کردووە کە لە سەرووی هەموویانەوە بەهێزکردنی سەروەری دەوڵەتە.
هەینی 5ـی حوزەیرانی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، وەڵامدانەوەی هێزە نیشتمانییەکانی ناو حەشدی شەعبی بۆ دۆسیەی رادەستکردنی چەک، بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی تێدا رەچاو کراوە، جەختیشی کردەوە گرنگی هێشتنەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا ئەوەیە کە کۆنترۆڵکردنی چەک نەکەوێتە ژێر فەرمانی سیاسییەکان.
گوتەبێژی حکوومەت گوتیشی: "عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەری تەواوە و دەسەڵاتی باڵای وڵات ناچێتە ژێر بار و ویستی ناوخۆیی و دەرەکی." سەبارەت بە کشانەوەی هێزە بیانییەکان، رایگەیاند مانگی ئەیلولی 2026 کۆتایی هاتنی بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەبێت لە عێراق.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەبوودی ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکوەزیران بە شێوەیەکی کەسی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی وێستگەکانی سووتەمەنی دەکات و بەنزین بۆ وێستگەکان دابین کراوە.
هەروەها دڵنیایی دا کە مووچەی فەرمانبەران دابینکراوە و پارێزراوە، گوتیشی: "سەرۆکوەزیران جیاوازە لەوانەی پێش خۆی، چونکە لە کەرتی کار و بازرگانییەوە هاتووە و وردەکاریی جوڵە ئابورییەکان بە باشی دەزانێت."
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، هەڵسەنگاندن یەکێکە لە گرنگترین فاکتەرەکان بۆ باشترکردنی ئەدای دامەزراوەکانی دەوڵەت.